ئەمڕۆ 9 ملیۆن کرێکار لە عێراق چوونە سەر کار
نها نیوز - هەواڵەکان
بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی سۆمەرییە نیوز، 18 ملیۆن کرێکار لە عێراق هەن کە 7 ملیۆن کەسیان لە کەرتی گشتی لەسەرانسەری وڵاتدا کاردەکەن، بە کوردستانیشەوە، سەرچاوەیەکیش وتویەتی؛ "حكومەت پشووی داوە بە فەرمانبەران کەرتی".
كەناڵی "سۆمەرییە نیوز" لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ژمارەی ئەو كەسانەی لە عێراق چالاکن لەبواری ئابووری، بە نزیکەی 18 ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێت، 7 ملیۆن کەسیان لەکەرتی گشتی لەسەرانسەری وڵاتدا کاردەکەن، بە کوردستانیشەوە، وێڕای کارمەندی کۆمپانیاکان كە بەشێوەیەكی هاوبەشن بەڕێوەدبرێن، نزیکەی 9 ملیۆن کرێکاریش لەکەرتی تایبەت كاردەكەن، جگە لە 2.6 ملیۆن کەسی بێکار، ئەوەش دوای ئەوەی رێژەی بێکاری لە 16.5% بۆ 14% دابەزیووە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان.
سەرچاوەیەکیش بەهەمان کەناڵی راگەیاندووە "لەكاتێكدا رۆژی یەكی ئایار جەژنی كرێكارانە، بەڵام پشوی فەرمی حکومەت تەنها بە فەرمانبەرانی حکومەت دەدرێت، ئەوەش ئەو دژبەیەكییە هەمیشەییەی پشووی جەژنی کرێکارانە كە مایەی گاڵتەجارییە، لەگەڵ ئەوەی جەژنەكە تایبەتە بە کرێکاران، بەڵام پشووەکە بە فەرمانبەرانی حکومەت دەدرێت، کرێکارانیش هاوشێوەی رۆژانی ئاسایی دەچنە سەر کارەکانیان".
وەك سەرچاوەكە دەڵێت "رەنگە تاکە سودێک کە كرێكاران بەدەستی دەهێنن ئەوەبێت، لەم رۆژەدا كاتێك دەچن بۆ كارەكانیان رووبەڕووی ئەو قەرەباڵغییەی هاتوچۆ نەبنەوە کە زۆرجار بەهۆی فەرمانبەران و سەردانیکەرانی فەرمانگە حکومییەکانەوە لە شەقامەكان دروست دەبێت".
|