ئەمریکا بڕیارێکی توندی لەبارەی ئێران دەرکرد
نها نیوز - هەواڵەکان
ئەمریکا سزای بەسەر حەوت دامەزراوەی ئێراندا سەپاند، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت"شەممە دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا، لە ڕۆما بەڕێوە دەچێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30 نیسانی 2025 وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند" سزامان بەسەر حەوت دامەزراوەدا سەپاند کە بازرگانییان لەگەڵ ئێران کردووە و پابەندین کە هەناردەی نەوتی ئێران بگەینینە سفر".
هاوکات مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاشکرای دەکات کە هەنگاوەکانیان بۆ لێپێچینەوە لەگەڵ ئێران و هاوبەشەکانی بەردەوام دەبێت.
لای خۆشییەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتی ئێران، بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند" گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و وڵاتەکەی لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی بە نێوەندگیریی عوممان، ڕۆژی شەممە 3ـی ئایارلە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەڕێوە دەچێت".
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند، ڕۆژی هەینی، واتە ڕۆژێک بەر لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەمەریکا، لەبارەی پرسی ئەتۆمی وڵاتەکەی لەگەڵ نوێنەرانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کۆدەبنەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە تا ئێستا سێ گەڕی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچووە و دوو لایەن ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان بە ئەرێنی وەسف کرد و رایانگەیاند گەشبینن بە ڕێکەوتن.
|