بارانبارین بەردەوام دەبێت
نهانیوز-هەواڵەکان
شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت" تاوە باران تا سەرەتاکانی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرماش بە جێگیری دەمێنێتەوە".
ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ سێشەممە 29ی نیسان بڵاویکردەوە" لە ئەنجامی بەردەوامی نزمەپاڵەپەستۆ گەرمیەکان لەوانە نزمەپاڵەپەستۆی خەماسینی باکوری ئەفریقا و نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور لەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ماوەی چەند رۆژێکە کەشێکی ناجێگیر لەناوچەکەدا دروستبووە ھەر لە خۆڵبارین و چالاکبوونی با و بروسکە و بارانی کەم تا مامناوەندیش لەھەندێ شوێندا باریوە".
ئەو شارەزا کەشناسییە دەشڵێت" بۆ رۆژانی داھاتووش تا سەرەتای ھەفتەی داھاتوو رۆژی شەمە ٣ی ئایار لەئەنجامی دووبارە چالاکبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆیە گەرمەکان بەرووی ناوچەکانماندا و بوونی بارستە ھەوای سارد لەبەرزایەکانی بەرگەھەوای سەر ناوچەکانی تورکیا و دەریای ناوەراست کەش و ھەوای ناجێگیر لەناوچەکەدا درێژەی ئەبێت کە خۆی لەچالاکبوونی با و خۆڵبارین ئەبینێتەوە ھەندێک کاتیش بارانێکی کەم لەناوچە نزمەکان ئەبارێت لە ناوچە نیمچە شاخاوی و شاخاویەکانیش لەکاتی جیاوازدا تاوە بارانی مامناوەند و ھەورە بروسکە چالاک ئەبێت".
سەبارەت بە پلەکانی گەرماش رایدەگەنێت" پلەکانی گەرما بەگشتی لەو ماوەیەدا زیاتر بەجێگیری ئەمێنێتەوە و تەنھا لەو شوێنانەی باران ئەبارێت بەشێوەی کاتی کەمێک نزمدەبێتەوە".
ئاراس جەبار لەبارەی کاتی کۆتایی هاتنی ئەم شەپۆلەش دەڵێت" لە ئێوارەی شەمەی داھاتوو بەدواوە کاریگەری ئەو ناجێگیریە لە کەشوھەوای ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان کۆتای پێدێت و کەش سەقامگیر ئەبێتەوە".
|