جیهان

واشنتۆن نوێنەری خۆی دیاریکرد بۆ سەرکردایەتیکردنی دانوستانەکانی شارەزای تەکنیکی لەگەڵ تاران

 نها نیوز – هەواڵەکان

میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایانکردووە، ئیدارەی ترەمپ، مایکل ئەنتۆنی، بەڕێوەبەری پلاندانانی سیاسەت لە وەزارەتی دەرەوە هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی سەرکردایەتی شاندەکەی بکات لە دانوستانەکانی داهاتوو لەسەر ئاستی پسپۆڕان لەگەڵ ئێران.

بڕیارە لە کۆتایی هەفتەدا ئەنتۆن، سەرکردایەتی خولی یەکەمی وتووێژی پسپۆڕان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بکات، پێش ئەوەی هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کۆببنەوە.

ڕۆژنامەی پۆلیتیکۆ، لە زاری بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە، مایکل ئەنتۆن، یاوەری ویتکۆف، بوو بۆ دوا خولی دانوستانەکانی رۆما، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموون و وردبینییەکەی، کەسێکی ئایدیاڵە بۆ ئەو پۆستە. لە هەمووی گرنگتر دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کە کارنامەی ترەمپ، لەسەر ئەم پرسە جێبەجێ دەکرێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو، ڕۆژی شەممەی داهاتوو دانوستانەکانی ئاستی کارناسان لە نێوان ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە پرسی ناوەکی و گەمارۆکان بەڕێوە دەچێت، هەروەها دوو لایەن ئەنجامی ئەم دانوستانە دەگەیەننە دانوستانکارانی ئاستی باڵا. خولی سێیەمی دانوستانە ئەتۆمییە ئاست بەرزەکان لە هەمان ڕۆژدا لە عومان بەڕێوە دەچێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا ڕوون نییە ئایا ئەمریکا داوای ئەوە دەکات ئێران بە تەواوی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بگەڕێنێتەوە یان کار بۆ ڕێککەوتنێک دەکات کە ڕێگە بە تاران بدات هەندێک دامەزراوە لە ژێر چاودێرییەکی تونددا بپارێزێت.

ئیدارەی ترەمپ، بە نێوەندگیری عومان دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران لەسەر پرسی ئەتۆمی دەستپێکرد. هەردوولا دوو خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆیان ئەنجامدا، یەکەمیان لە 12ی نیسان لە مەسقەت و دووەمیان لە 19ی نیسان لە ڕۆما.

بەگوێرەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بڕیارە 26ـی نیسان خولی سێیەمی دانوستانەکان بەڕێوە بچێت. بڕیارە لە خولی نوێدا گفتوگۆی تەکنیکی و سیاسی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران لەخۆ بگرێت.

2025-04-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.