جیهان

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم داوای روونکردنەوەی بەپەلە لە ئێران دەکات

نها نیوز – هەواڵەکان

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، داوای لە ئێران کردووە، روونکردنەوە لەسەر تونێلەکانی نزیک لە بنکەی پیتاندنی ئەتۆم لە نەتەنز بدات.

ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا  داوای لە ئێران کردووە، روونکردنەوە لەسەر تونێلە قووڵەکانی نزیک بنکەی ئەتۆمی لە شارۆچکەی نەتەنز بدات.

ئەم لێدوانەی گرۆسی لەکاتێکدایە دوێنی چوارشەممە، پەیمانگای زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە پشتبەستن بە وێنەی مانگە دەستکردەکان لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئێران سیاجێکی ئەمنی لە دەوری چیای "کەڵەنگ گاز "، دروستکردووە، کە دوو تونێلی قووڵی لێ هەڵکەندراوە. کەدەکەوێتە باشووری دامەزراوەی پیتاندنی یۆڕانیۆم لە نەتەنز.

سەرۆکی ئاژانسەکە جەختی لەوەکردووەتەوە، پێویستە هەموو وڵاتان پاڵنەری خۆیان بۆ دروستکردنی هەر شوێنێک لە دەوروبەری دامەزراوە ئەتۆمییەکان روون بکەنەوە، بەڵام ئێران "تاکە" وڵاتی جیهانە خۆی لە ڕوونکرنەوە دەدزێتەوە.

لە بەرامبەردا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیکردووەتەوە، هیچ توونێلێکی نهێنییان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم هەبێت و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "ئیسرائیل و هەندێک لە گرووپە خاوەن بەرژەوەندییەکان لە رێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵی بەلاڕێدابردنی دیپلۆماسی دەدەن".

 
2025-04-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.