ئەمریکا داوایەکی قورستر لەئێران دەکات
نها نیوز - هەواڵەکان
باڵیۆزی ئێران لە عێراق رایگەیاند، ترەمپ لەنامەكەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لە تاران كردووە. وە "سێ دۆسییەی دیکەشی لەداواکارییەکانی زیادکردووە".
محەمەد كازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی " ئەلشەرقییە" ئاشكرای دەكات "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە نامەكەیدا بۆ تاران، داوای هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و گروپە چەكدارەكانی عێراقی لە ئێران كردووە".
باڵیۆزەکە رونیشیکردەوە "حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی ئەمنیی یاسایی عێراقییە و بەغدا بڕیاری لەبارەوە دەدات، ئێران چی پەیوەندیەكی بەوەوە هەیە تا لەگەڵ واشنتۆن گفتوگۆی لەبارەوە بكات!".
سەبارەت بە داواكەی واشنتۆن لە تاران، ئال سادق وتیشی "داوای هەڵوەشاندنەوە و تێكەڵاوكردنی حەشدی كردووە بە هێزە ئەمنیەكانی عێراق".
باڵیۆزەکەی تاران جەختیشكردەوە لەوەی، تاران ئامادەیە تەنها گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی لەگەڵ واشنتۆن بكات.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لەدوای دەستبەكاربونی دۆناڵد ترەمپەوە، ئەمریكا داواكارییەكانی لە تاران لە دوو دۆسیەوە زیادكردووە بۆ چوار دۆسیە، كە ئەوانیش: دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمییەكەى، دۆسیەی بەرنامە موشەكییەكانی ئێران، دۆسیەی حەشدی شەعبی، دۆسیەی گروپە چەكدارەكان (كە پێدەچێت تەواوی گروپە هاوپەیمانەكانى ئێران لەناوچەكە بگرێتەوە نەك تەنها گروپەكانی عێراق).
هاوکات قسەكانی باڵیۆزی ئێران لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لەكاتێدایە، تائێستا چەندین بەرپرسی عێراق لە سەرویانەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران، لە چەندین بۆنەی جیاوازدا رەتیكردووەتەوە، ئەمریكا هیچ دوایەكی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و تێكەڵاوكردنی بە هێزە ئەمنیەكانی عێراق پێشكەش بە فیدراڵ كردبێت.
|