نها نیوز – هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرایکردووە، وڵاتەکەی لە ڕێگەی سوڵتانییەتی عومانەوە وەڵامی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای ناردووە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، وەڵامی فەرمی ئێران بۆ نامەکەی سەرۆکی ئەمریکای بەشێوەیەکی گونجاو و له ڕێگەی عومانەوه نێردراوه .
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم وەڵامە فەرمییە نامەیەک لەخۆدەگرێت کە تێڕوانینەکانمان لەسەر دۆخی ئێستا و پەیامی بەڕێز ترەمپ بە تەواوی ڕوون دەکاتەوە و دەیانگەیەنین بە لایەنی بەرامبەر.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، سیاسەتی ئەوان لاریان نیە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دانوستان لەگەڵ واشنتۆن بكەن و لە وەڵامەكەیاندا، باسیان لە دیدی ئێران كردووە سەبارەت بە دۆخی ئێستا.
هێمای بۆ ئەوەش کردووە، دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە سەردەمی حکومەتی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری پێشوودا، هەروەها لە سەردەمی حکومەتی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی کۆچکردوودا ڕوویداوە.
لە سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێرانی ناردووە و تیایدا باسی لەوە کردووە، کە پێیان باشە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران رێککەوتن بکەن.