هونەرمەند کاوە ئەحمەد میرزا دۆخی تەندروستی بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە ناجێگیرە
نها نیوز – هەواڵەکان
کاوە ئەحمەد میرزا چرایەک وەک دارو ئەرخەوانەکەی سەیوان بەهۆی هەڵکشانی تەمەنیەوە دۆخی تەندروستی باش نییە، ئەو کەلە دیدارێکی لەگەڵ ئازاد بایز پێشکەشکار و پەیامنێری نها نیوز دەڵێت "بەهۆی هەڵکشانی تەمەنمەوە دۆخی تەندروستیم باشنیە و رووداوە هونەریەکانی ژیانم بیردەچێتەوە".
بەهۆی هەڵکشانی تەمەن و بەیەکجاری دورکەوتنەوەی لەچاوی میدیاکان دەرهینەر و سیناریست و ئەکتەری گەورەی کورد کاوە ئەحمەد میرزا لەدیدارێکی تایبەت لەگەڵ پێشکەشکاری بەرنامەی ئاوڕی نەها کە (ئازاد بایز) پێشکەشی دەکات بەمشێوەیە بۆ دەزگای میدیایی نها نیوز دەدوێت و دەڵێت "لەڕاستیدا بەهۆی هەڵکشانی تەمەنمەوە دۆخی تەندروستیم باشنیە و رووداوە هونەریەکانی ژیانم بیردەچێتەوە".
میرزا وتیشی "هەر بەهۆی نەخۆشکەوتنم و کەوتنم لەناوجێگەدا ئێستا زۆرینەی کاتەکانی رۆژانەم بەسەیرکردنی فیلم و دراما بەسەردەبەم".
لەبارەی وەفای هونەرمەندانی هاوڕێی و سەردانیکردنیان بۆلای ناوبراو لەم کاتەدا کە ئەو پێویستی بەولایەنە مەعنەویەیە کاوە ئەحمەد میرزا وتی "ناوبەناو هاوڕێیانی هونەرمەندم سەردانم دەکەن، بەڵام لێرەدا راستیەک هەیە بەهۆی هەڵکشانی تەمەنم کەم لە هاوڕێ و هاوتافی تەمەنم ماون ئەوانەی لەژیاندا ماون بەشێکیان وەک من بەهۆی دەردەپیری و نەخۆشیەوە دەناڵێنن".
لەلایەکی ترەوە ئەو هونەرمەندە بە ناوئومێدییەوە بۆچوونی خۆی لەسەر پێشکەوتنی درامای کوردی بۆ ئازاد بایز خستە روو، ئاماژەی بەوەشدا، "درامای کوردی هەر نەماوە، هاوکات میرزا بەجەستەیەکی شەکەت و گەروویەکی تەواو تەواو بزڕکاوەوە وەسیەتی خۆی بۆنەها دەکات و دەڵێت "ئیشی کوردی تەواو تەواو نەماوە و لەهەمەنکاتدا گەنجی بەتوانامان هەیە، بەڵام دەستگیرۆیی و دەعم ناکرێن، کە بەئومێدم لایەنی پەیوەندیدار پشتیوانیان بکات بۆئەوەی وەجاخی هونەری جیلی ئێمە کوێر نەبێتەوە".
ئەو ئەکتەر و سینارستە لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا سوپاسی بەدەمەوەهاتنی دەزگای میدیایی نها و (ئازاد بایز) دەکات کە بەرپرسیارێتی هونەریانە و پیشەییانەی خۆیان خەمخۆری نەخۆشکەوتنی جەنابیان بوون و دەشڵێت "لەوە خۆشحاڵتر و شانازیتر ئەوەیە لەپاداشتی کارەکانمدا لێرە و لەوێ دەبیستمەوە خەڵکی شارەکەم وەک و منەوەرێک ناوم دەبەن منیش بەئومێدم لەم خەرمانی ٦٥ ساڵەی تەمەنی هونەریەمدا کارێکی بچوکم پێشکەشی شارەکەم و نەتەوەکەم کردبێت".
لەکۆتایی دیدارەکەی دەزگای میدیایی نها و کاوە ئەحمەد میرزا مژدەیەکی خۆش دەدەنە خەڵکی کوردستان و ئاشکرای دەکەن "هەرچەندە زمانی قسەکردنم وردە وردە لەنگ دەبێت و یادگەشم بەتەواوی کول و کۆڵبووە، بەڵام وەک و دواکار سیناریۆ و نوسینی درامایەکی چەن حەڵقەییم لەقۆناغی تەواوبووندایە بەناوی (کۆتایی خەونەکان) کە نایشارمەوە هاوژینم و مناڵەکانم هاوکارمن بۆ تەواوبونی. بەئومێدم پێش ئەوەی چاوم لێک نێم تەواوی کەم".
ئامادەکردنی/ ئازاد بایز
وێنەی ئازاد بایز پێشکەشکاری (ئاوڕی نها) لەگەڵ هونەرمەند ودەرهینەر و سیناریست و ئەکتەری گەورەی کورد (کاوە ئەحمەد میرزا)
|