جیهان

هەواڵگری ئەمریکا: ئیدارەی شەرع بەرپرسە لە کۆمەڵکوژییەکان سووریا

نها نیوز – هەواڵەکان

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ئیدارەی ئەمەریکا سەبارەت بە هەڕەشەکانی سەرتاسەری جیهان، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا بەرپرسیارن لە کۆمەڵکوژییەکانی ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە، شانبەشانی گروپە جیهادییەکان.

ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاندووە: هێزە چەکدارەکانی حکومەتی کاتی بە سەرۆکایەتی حەیات تەحریر شام لەگەڵ توخمەکانی ڕێکخراوی پارێزەرانی ئایین و گروپە جیهادییەکانی تر، کردەوەی توندوتیژی و کوشتنی دەرەوەی دادگایان لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای مانگی ئازاری 2025 بە پلەی یەکەم کەمینە ئاینییەکانیان کرانە ئامانج و زیاتر لە هەزار کەسیان کوشت، لەنێویاندا خەڵکی مەدەنی عەلەوی و مەسیحی.

لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، بەشێک لە گروپە جیهادییەکان ڕەتیدەکەنەوە بچنە ناو هێزە نوێیەکانی حکومەتەوە، هەروەها داعش بەنیازە شەڕی چەکداری لەدژی حکومەتی کاتی سووریا ئەنجامبدات.

لە 8ی کانونی یەکەمی 2024 ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سووریا چوونە ناو دیمەشقی پایتەخت و دەستیان بەسەر دامودەزگا سەرەکییەکانی حکومەتدا گرت و ڕۆیشتنی حکومەتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریای ڕاگەیاند کە دواتر لە وڵاتەکەی هەڵات.

2025-03-26
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.