کوردستان

کەشوهەوای رۆژانی جەژن راگەیێندرا

نهانیوز-هەواڵەکان

کەشناسێکی کورد زانیاری و پێشبینییەکانی کەشوھەوای بۆ رۆژانی جەژنی ڕەمەزان بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە ماوەی دوو رۆژی یەکەم و دووەمی جەژندا لە ھەندێ کات و شوێندا تاوە بارانی بەخوڕ دەبارێت". 

ئاراس جەبار شارەزای کەشوهەوا، لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند" سەرەتا لە ئەنجامی زیاتر بەرەوپێشچوونی بارستە ھەوای گەرمی باکوری ئەفریقا بۆ سەر ناوچەکانمان سبەی و رۆژانی داھاتوو پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزبوونەوەی زیاتر تۆماردەکات بە بڕی سێ تا شەش پلە و لە شەوانیشدا وشکە سەرماکە کۆتای پێدێت لەگەڵ زیاتر گەرمبوونی کەش لە رۆژدا". 

سەبارەت بە کەشوھەوای رۆژانی جەژنی ڕەمەزان، ئەو کەشناسە کوردە پێشبینی دەکات، ئەگەر ھەیە لە یەکشەممەی داھاتوو تا ئێوارەی دووشەممە 31ی ئازار حاڵەتێکی لاوازی ناجێگیری کەش لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەستپێبکات، بەھۆی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەک لە دەریای سوورەوە بۆ سەر ناوچەکان.

ڕوونیشیکردەوە، لە ماوەی دوو رۆژی یەکەم و دووەمی جەژنی ڕەمەزان ئاسمانی ھەرێم بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و ھەندێک کاتیش بارانی کەم دەبارێت لەگەڵ دروستبوونی ھەورە بروسکە لە کات و شوێنی جیاوازدا و لە ھەندێ کات و شوێنیشدا تاوە بارانی بەخوڕ دەبارێت بە تایبەت لە سنوری پارێزگای دھۆک و ھەولێر و ناوچە شاخاوییەکانی ھەردوو پارێزگاکە بڕی بارانبارین زیاتر دەبێت، وە بای باشوری رۆژھەڵات لە ماوەی ھەردوو رۆژدا چالاک دەبێت بەخێرای 15- 35کم/ک و پلەکانی گەرماش کەمێک نزمدەبنەوە.

ئاراس جەبار باسی لەوەشکردووە، قۆناغی دووەمی ناجێگیری کەشوهەوا لە دەریای سوورەوە لە رۆژی چوارشەممەی داهاتووەوە دووبارە بۆ سەر ناوچەکان چالاک دەبێتەوە بەراورد بە قۆناغی یەکەمیش کەمێک بڕی بارانەکە باشتر دەبێت و پلەکانی گەرماش زیاتر نزمدەبنەوە بەگشتی ئەم حاڵەتەش ماوەکەی کورتخایان دەبێت و پێجشەممە کۆتایی پێدێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی ھەردوو قۆناغدا ھەندێ شوێن لەوانەیە ھیچ بارانێک نەبارێت یان بەپێچەوانەوە لەو شوێنانەی پێشبینی بارانی کەم دەکرێت زۆرتر ببارێت کە ئەمانەش تایبەتمەندی کەشی بەھار و بەگشتی حاڵەتی ناجێگیری کەشە کە دەبنە ھۆی دروستبوونی کەڵەکە ھەورە بە بروسکەکان و ناتوانرێت بەوردی شوێن و کات و بڕی باران بزانرێت.

 
2025-03-26
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.