کوردستان

بزانە بافڵ تاڵەبانی بۆ چی مەبەستێک دوێنێ گەیشتە پارێزگای کەرکوک

نها نیوز – هەواڵەکان

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرایکردووە، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی یەکێتی و دانانی پارێزگار کە لە کاتی هەڵبژاردندا بە کەرکوکییەکان درابوو سەردانی ئەو شارەی کردووە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا نوسیویەتی، "بە یاوەری د. هاوڕێ شێخ دارۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری سەردانی شاری کەرکوکی کرد و لەلایەن رەفعەت عەبدوڵا، ئاسۆ مامەند و رزگار حاجی حەمە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و هەڤاڵانی یەکێتییەوە بە گەرمی پێشوازیلێکرا".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ کەرکوک، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کە مەبەست لێی بەدواداچوون بوو بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی یەکێتی و دانانی پارێزگار کە لە کاتی هەڵبژاردندا بە کەرکوکییەکان درابوو لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لەگەڵ زانایان و مامۆستایانی پایەبەرزی ئایینیی کەرکوک کۆبووەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرۆک بافڵ رۆڵی بەرچاوی زانایان و مامۆستایانی ئایینی بەرز نرخاند لە پاراستنی بەهابەرزەکان و ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی گیانی برایەتی و رایگەیاند، یەکێتی هەمیشە بە چاوی رێز و پڕبەهاوە لە مامۆستایانی ئایینی دەڕوانێت کە لە بوارە جیاجیاکاندا خزمەت دەکەن و بەشێکی گرنگن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە.

هاوکات، بافڵ جەلال تاڵەبانی ستراتیژی یەکێتی لە کەرکوک روونکردەوە و گوتی، لەم شارە خۆشەویستە ستراتیژمان بەشداریی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانە لە بەڕێوەبردندا و جەخت لە پاراستنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە کەرکوک و پابەندبوون بە زامنکردنی مافی هەمووان دەکەینەوە.

هەر لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ کەرکوک، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی ناوشار و چەند شوێنێکی جیای کرد و چاویکەوت بە کەرکوکییەکان و گەنجانی شارەکە و لە نزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵدا کردن لەبارەی ئیدارەی نوێ و خزمەتگوزاری لە شارەکە و پێداویستی خەڵک و ئەو کێشانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە.

سەرۆک بافڵ بە کەرکوکییەکانی گوت، بە سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی مام ئیدارەی کەرکوک دەدەین و خزمەتی دەکەین، هەر بۆیە ئیدارەی نوێ و پارێزگار لە ماوەیەکی کەمدا توانییان لە هەموو رووەکانەوە خزمەتی بەرچاوی شارەکە بکەن و حکومەتی خۆجێییان خستە خزمەت خەڵکی خۆشەویستی کەرکوک.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە درێژەی قسەکانیدا سوپاسی رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوکی کرد و پشتیوانی خۆی بۆ دووپاتکردەوە و گوتی، لای ئێمە کەرکوک قودسی کوردستانە و هەر بەوجۆرە دەمێنێتەوە، هەمیشە خزمەتکردنی کەرکوک کاری لەپێشینەمانە، چونکە کەرکوکییەکان شایەنی هەموو خزمەتێکن.

2025-03-26
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.