نها نیوز – هەواڵەکان
شڕۆڤەکارانی سیاسی و شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەنە عێراق کە لە ساڵی 2025 ڕووبەڕووی ساڵێکی پڕ لە ئاستەنگ دەبێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە گرژییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ڕوو لە زیادبوون دەکەن و ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دۆخی ئەمنی و سیاسیی وڵاتەکەی هەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە (24ی ئازاری 2025) مستەفا تائی، شارەزا لە کاروباری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاندووە، بەهۆی پەرەسەندنی ململانێی ئەمریکا و ئێران، عێراق لە ناوەندی زریانەکەدا دەبێت، ڕەنگە ببێتە هۆی هێرشی هاوبەش و زیادبوونی ناسەقامگیری ئەمنی. هەروەها نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی کێبڕکێی نێوان هێزە سیاسییەکان و بەرزبوونەوەی گرژییە ناوخۆییەکان و زیاتر ڕکابەریکردنی سیاسییەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، قەیرانی سووریا وەک فاکتەری کاریگەر لە عێراقدا دەمێنێتەوە، بەو پێیەی پەیوەندی دیمۆگرافی و جوگرافیای نێوان هەردوو وڵات، ململانێی تائیفی لە سووریا دەکاتە کاتالیستێک بۆ ناسەقامگیری لە عێراقدا.
ڕوونیشیکردووەتەوە، گرووپە توندڕەوەکانی وەک داعش، پێشتر سوودیان لە ئاژاوەگێڕییەکانی سووریا وەرگرتووە بۆ فراوانکردنی عێراق، هۆشداریشیداوە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەم سیناریۆیە بە لەبەرچاوگرتنی نائارامییە بەردەوامەکان.
بەوتەی ناوبراو، "دەستێوەردانەکانی دەرەکی ڕۆڵیان هەیە لە قووڵکردنەوەی قەیرانەکەدا، بەو پێیەی هاتنە ناوەوەی فراکسیۆنە عێراقییەکان بۆ پشتیوانیکردن لە ڕژێمی سووریا بووەتە هۆی پەرەسەندنی گرژییە ناوخۆییەکان، ئەمە جگە لەوەی عێراق بەر فشاری ناوچەیی و نێودەوڵەتی کەوتووە".
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی 2025، ترسی ئەوە ماوەتەوە کە عێراق ببێتە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی ناوچەکە، بە لەبەرچاوگرتنی ململانێ و گرژییە سیاسییە بەردەوامەکان کە مەترسی لەسەر سەقامگیری ناوخۆی ئەو وڵاتە دروست دەکەن.