لە سبەینێوە كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكانى عێراق نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستپێدەکات
نها نیوز – هەواڵەکان
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، سبەی سێشەممە پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 24 ئازار، 2025، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، "پرۆسەی نوێکردنەوەی داتا و زانیارییەکان بۆ ماوەی مانگێکی تەواو بەردەوام دەبێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "پرۆسەی نوێکردنەوەکە بریتی دەبێت لە چاکسازی، زیادکردن، تۆمارکردنی یەکەمجار، و تۆمارکردنی هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان".
دەشڵێت، "کۆمسیۆن 1079 سەنتەری دامەزراندووە پێشوازی لە هاوڵاتیان دەکەن بۆ نوێکردنەوەی داتاکانیان و زیاد کردنی لەدایکبووی نوێ کە پێویستی بە هێنانی بەڵگەنامەی فەرمی هەیە (ناسنامەی نیشتمانی، کارتی نیشتەجێبوون، یان کارتی بەشەخۆراکی)".
بەوتەی ناوبراو، "داواکاری گۆڕینی دەنگدان بۆ پارێزگارەکانی دیکە پێویستی بە هێنانی کارتی نیشتمانی یەکگرتوو و ناسنامەی باری شارستانی و بڕوانامەی ڕەگەزنامە بۆ ئەو کەسانە هەیە کە کارتی نیشتمانییان نییە، هەروەها کارتی بەشەخۆراکی لە ساڵی 2021 یان دواترەوە بۆ سەلماندنی نیشتەجێبوون لە پارێزگاکە"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی "گۆڕین لەناو پارێزگا پێویستی بە کارتی نیشتمانی یەکگرتوو و ناسنامەی باری شارستانی هەیە بۆ ئەوانەی کارتی نیشتمانییان نییە".
|