جیهان

جەهەپە بە فەرمی ئیمام ئۆغلوی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا دەستنیشانکرد

نهانیوز-هەواڵەکان

پارتی کۆماری خوازی گەلی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی هەڵپەسێردراوی ئەستەنبوڵیان وەک کاندیدی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا هەڵبژارد.

رۆژی دووشەممە 24ی ئازاری 2025 ئۆزگور ئۆزال سەرۆکی پارتی کۆماری خوازی گەل (جەهەپە)، لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" نزیکەی 15 ملیۆن کەس بەشدارییان لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتەکەدا کردووە بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکایەتی ئەو پارتە".

ئۆزال ڕاشیگەیاند" لەو هەڵبژاردنەدا کە لە بارەگای پارتەکە بەڕێوەچوو، یەک ملیۆن و 653 هەزار ئەندام و زیاتر لە 13 ملیۆن کەس دەنگیان داوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پشتیوانی بەربڵاوە بۆ ئیمامئۆغڵو، تەنانەت لەنێو ئەندامانی غەیرە حزبیشدا".

هەروەها لای خۆشییەوە دەنیز یوجەل وتەبێژی پارتی گەلی كۆماری توركیا، بڵاویكردەوە" لە ئێستا بە رەسمی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو-یان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا كاندید كردووە". 

دوێنێ یەکشەممە ئیمام ئۆغڵو بە چەند تۆمەتێك دادگای تاوانەكانی ئیستانبوڵ بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەركرد. 

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئەستەنبوڵ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ و ١٠٠ کەسی دیکە بە تۆمەتی "گەندەڵی و بەرتیلدان و تیرۆر" دەرکرد.

هەروەها لەنێو ئەو کەسانەی دەستبەسەرکراون، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، موراد ئۆنگون، ڕاوێژکارەکەی، ڕەسوڵ ئێمرا شاهان، سەرۆکی شارەوانی شیشلی، موراد چالیک، سەرۆکی شارەوانی بەیلیکدوزو، ئەرکان ساچی مۆسیقاژەن هەن.


2025-03-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.