حەیدەر عەبدولغەنی: هەرێم رۆژانە 286 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و ئێمە دەسەڵاتمان نییە بەسەرییەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
بە وتەی وەزیری نەوتی عێراق هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 286 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، بەڵام وەزارەتەکەیان هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر ئەو پرۆسەوە نییە.
رۆژی دووشەممە 24ی ئاداری 2025 حەیدەر عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە ڕایگەیاند" بە ڕێکخراوی ئۆپیکمان ڕاگەیاندووە کە ئێستا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 286 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و جەختیشیکردەوە کە بەرهەمهێنانی نەوتەکە لە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتەکەیدا نییە".
ئەوەشی خستەڕوو کە بە پێی یاسای بودجە 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان دەستنیشان کراوە.
ڕاشیگەیاند" چاوەڕوان دەکرێت بڕی هەناردەکراوی نەوت لە ڕێی بەندەری جەیهانەوە بگاتە 350 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا".
وەزیری نەوتی عێراق ئاشکراشی کرد کە ئێران بەڵگەنامەی عێراقی ساختەکردووە بۆ ئەوەی لە فرۆشتنی نەوتدا خۆی لە سزاکانی ئەمریکا بدزێتەوە و وتیشی"لایەنی ئەمریکامان ئاگادارکردووەتەوە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە".
بە وتەی ناوبراو لە ئێستادا عێراق ڕۆژانە سێ ملیۆن و 200 هەزار تا سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.
|