چارەنوسی 100 هەزار دینارەکەی خانەنشینان ئاشکراکرا
نها نیوز - هەواڵەکان
بەگوێرەی نوێترین زانیاری خەرجكردنەوەی 100 هەزار دینارەكەی خانەنشینان بۆ مووچەی مانگی سێ جێبەجێنەکراوە و بەرپرسێکی وەزارەتی داراییش دەڵێت، ئەو بڕە پارەیە سودانی بڕیاری لێداوە و لەیاسای خانەنشینی یەگرتووی عێراقدا بوونی نییە.
بڕی ئەو 100 هەزار دینارەی كە لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە لە مووچەی خانەنشینان بڕدراوە، لە لیستی مووچەی مانگی سێی خانەنشینانی هەرێم نەخراوەتەوە سەر مووچەكانیان.
لەوبارەیەوە بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان کە بۆ میدیاکان دواوە، دەڵێت "بڕی ئەو 100 هەزار دینارەی كە بۆ مووچەی خانەشنیان زیادكراوە بەبڕیاریكی تایبەتی محەمەد شیاع سودانی، سەروك وەزیرانی عێراق بووە و پەیوەندی بەیاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراقەوە نییە و وەك مینحەیەك خراوەتەسەر مووچەی خانەنشینی".
دەشڵێت "هەر بڕە پارەیەك بەیاسا بڕیاری لەبارەوە نەدرابوو یاخود ناوی مینحەی لێنرابوو ئەوا دەبێت ساڵانە بڕیاری نوێ بۆ خەرجكردنی ئەو مینحەیە دەربكرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆك وەزیرانی عێراق واژۆی لەسەر ئەو نوسراوە نەكردووە كە تایبەت بە خەرجكردنەوەی ئەو 100 هەزار دینارەی كە دەچێتە سەر مووچەی ئەو خانەنشینانەی مووچەكانیان لە ملیۆنێك دینار كەمترە".
هەر بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی بێت، لە مووچەی دوو مانگی رابردوو ئەو 100 هەزار دینارە خەرجنەكراوە و بۆ "ئەم مانگەش بەهەمان شێوە لە لیستی خانەنشینان 100 هەزار دینارەكە نەخراوەتەوە سەر مووچەكانیان.
ئەوەشی خستەروو "ئەگەر لەمانگی داهاتوو سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر خەرجكردنی بدات ئەوا سەرجەم ئەو 100 هەزار دینارانەی خەرجنەكراون بۆیان خەرجدەكرێتەوە".
|