ئابوری

مووچەی خانەنشینان دوا دەکەوێت

نهانیوز-هەواڵەکان

بە وتەی وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی هەرێم، بۆ مانگی ئازاریش خانەنشینە نوێیەکان مووچەکانیان وەرناگرن بەو پێیەی هێشتا دۆسێکانیان تەواو نەبووە .

سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان ڕایگەیاند" بۆ مانگی ئازاریش خانەنشینە نوێیەکان مووچەکانیان وەرناگرن، بەهۆی ئەوەی وردبینی لە دۆسیەكانیان تەواو نەبووە."

وتیشی" دۆسیەی خانەنشینە نوێیەکان بۆ مانگی نیسان بەشێکی زۆریان کۆتایی دێت و مووچەکانیان بۆ دەبەسترێت، هاوکات دەبێت لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە مووچەکانیان بۆ خەرج بکرێت، بەڵام ئەوە دەکەوێتەوە سەر حکومەتی هەرێم، کە ئایا مووچەی هەر سێ مانگەکە پێکەوە وەرگرن یان مانگ بە مانگ".

دوابەدوای بەركاركردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق لە هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 4 موالیدی (1962 و 1963 و 1964 و 1965) خانەنشین كران و ئەوەش ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەران و مامۆستایانی گرتەوە و كارێكی قورس كەوتە سەر فەرمانگەكان بۆ ڕایی كردنی مامەڵەی خانەنشینیان بەوەی كاتێكی زۆری دەوێت تا دۆسیەكانیان تەواو دەكرێن و ڕەوانەی خانەنشینی دەكرێن.
 
2025-03-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.