نها نیوز - هەواڵەکان
بەرپرسێک لە وەزارەتى دارایی عێراق ئاشکرای دەکات، دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی بەغدا پارەی مووچەی مانگی 3ی هەرێمیش دەنێردرێت.
بەرپرسێک لە وەزارەتى دارایی عێراق کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بە میدیاکان دەڵێت "چاوەروان دەکرێت رۆژى دووشەممە خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى عێراق کۆتایی بێت و دواتر ئەگەر لیستى مووچەى هەرێمیش کێشەى نەبێت پارەی مووچەی هەرێمیش بنێردرێت".
سەرچاوەیەکی ئاگاداریش ئاماژە بەوە دەکات، کە هەرچەندە سبەی پشووی فەرمییە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامن لە وردبینی لیستی مووچەی هەرێم.
وتیشی "چاوەروان دەکرێت تا رۆژى یەکشەممە وردبینیەکە کۆتایی بێت و کۆنوسى دەرئەنجامەکەى ئاراستەى وەزیرى دارایی بکرێت، ئەو کات بریاری خەرجکردنەکەى دەدرێت، یان لەلایەن وەزیری داراییەوە یان لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە".
هاوکات ئەندامێکی شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر کە ئەویش ناوی ئاشکرا نەکراوە رایدەگەیەنێت "لەکاتی وردبینیی لیستی مووچەی مانگی سێ لە وەزارەتى دارایی عێراق، تائێستا هیچ کێشەیەک دروست نەبووە".
جەختیشیکردەوە "فەرمانبەرانی بەشی ژمێریاریی دارایی عێراق، دوێنێ هەینى دەوامیان کردووە، بۆئەوەى وردبینیی لیستەکە تەواو بکەن، ئێمەش هەر لە بەغداین هەر پرسیارێکیان لەسەر لیستەکە هەبووبێت بەزووى وەڵاممانداوەنەتەوە، هەرچەندە پرسیاریان کەمە و ئەم مانگە کەمترین تێبینییان لەسەر لیستەکە هەیە".
بەوتەى ئەو ئەندامەی شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی، وردبینییەکە بەخێرایی دەکرێت و دەڵێت، ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بێت لە دوو رۆژى داهاتوودا کارەکانی وردبینیی لیستەکە بە پێداچوونەوەی تەیف سامی، وەزیری داراییشەوە تەواودەکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژى چوارشەممە بەرواری 19ی ئاداری 2025 شاندى تەکنیکى کەلە بەغدان لیستى مووچەیان دابە وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ، لەلایەکی دیکەشەوە وەزارەتى دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمى کوردستان بەنیازە پێش جەژنى رەمەزان مووچە دابەشبکات، ئەگەر ئەم هەفتەیە بەغدا پارە بینێرێت.