شەرع تاوانباری سەرەکی هەڵگیرساندنی پێکدادانەکانی سوریای راگەیاند
نها نیوز – هەواڵەکان
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا رایدەگەیەنێت، هێزەكەی ماهیر ئەسەدو ئێران بەرپرسن لە هەڵگیرساندنی پێكدادانەكانی سوریا، دەشڵێت "ئامانجمان چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە لەگەڵ کورد".
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز وتی "کوشتنی بەکۆمەڵی ئەندامانی تائیفەی عەلەوی، هەڕەشەی بۆسەر ئەرکەکەمان بۆ یەکخستنی وڵات دروستکردووە".
وتیشی "خەباتمان کرد بۆ بەرگریکردن لە ستەملێکراوان، قبوڵ ناکەین خوێنی ناڕەوا بڕژێت، یان بێ سزا یان بێ حساب تێپەڕێت، تەنانەت لەنێو نزیکترین کەسەکانیشدا لێمان".
بەوتەی شەرع "ئامانجمان چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە لەگەڵ کورد و، چاومان كەوتووە بە سەرۆکی گروپێک بە سەرۆکایەتی کوردەكان، کە لەمێژە لەلایەن واشنتۆنەوە پشتیوانی دەکرێن".
سەبارەت بە هۆکاری بنەڕەتی کێشەکان، سەرۆکی کاتی سوریا لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئاشکراشیکرد "لایەنگرانی سەربە فیرقەی چواری ماهر ئەسەدی برای ئەسەد و هێزێکی بیانی، ئەو پێکدادانانەیان هەڵگیرساندووە، بۆ وروژاندنی نائارامی و دروستکردنی ململانێی تائیفی".
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزێكی بیانی، کە لە واقیعی نوێ لە سوریادا دۆڕان، هاوپەیمانی دێرینی ئەسەد بوون بەشداربوون لەو كردەوانە، مەبەستی (ئێران) بوو.
راشیگەیاند "لەبەرامبەر ئەوە چەندین لایەن چونەتە ناوچەكانی ساحلی سوریا و پێشێلکاری زۆر رویانداوە و بووە دەرفەتێک بۆ تۆڵەسەندنەوە".
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەحمەد شەرع وتی "روداوەکانی سوریا کاریگەرییان لەسەر پرۆسەکە دەبێت و ئەوەندی بتوانن هەوڵی رێككردنەوەی دۆخەکە دەدەن".
هاوکات بانگەشەكانی ئیسرائیلی رەتکردەوە و دەشڵێت "دەسەڵاتەکەمان بوبێتە هەڕەشە و، ئەوەی ئیسرائیل دەیڵێت قسەی پوچ"..
دەشڵێت "دانوستانەكانمان لەگەڵ مۆسکۆ سەبارەت بە مەرجی نوێیە بۆ بنکە سەربازییەکان".
هەروەها شەرع رەتیکردەوە ئاشکرایبکات داوایان لە مۆسکۆ کردووە ئەسەد رادەست بکاتەوە یان نا.
باسی لەوەشکرد "تائێستا هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەگەڵ ئیدارەی ترەمپدا نییە، بەڵام دەرگای سوریا کراوەیە بۆ پەیوەندیکردن".
دوپاتیشیکردەوە "داوا لە واشنتۆن دەكەین سزاکانی سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد هەڵبوەشێنێتەوە".
"ناتوانین کۆنترۆڵی ئاسایشی وڵاتەکە بکەین، لەکاتێکدا سزاکانی ئەمریکا دژی ئێمە لە شوێنی خۆیانن". ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سوریا وای وت
|