سكاڵا لەسەر وەزیری كارەبای هەرێم تۆماركرا
نهانیوز-هەواڵەکان
لە دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی لەسەر گرانی نرخی كارەبای 24 كاتژمێری، سكاڵا لەسەر وەزیری كارەبای هەرێم تۆماركرا.
ئەمڕۆ دووشەممە 10ی ئاداری 2025 عومەر گوڵپی، ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی، لەسەر گرانکردنی نرخی کارەبای ماڵان، سکاڵای یاساییمان لەسەر وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێم تۆمار کرد.
ناوەڕۆکی سکاڵاکە:
1- لە زیادکردنی نرخی کارەبای ماڵان بەناوی دابینکردنی کارەبای 24 كاتژمێرییەوە، حکومەت پشتی بە هیچ یاسایەک نەبەستووە، ئەمەش پێشێلکاریی زەقی دەقی بڕگەی یەکەمی ماددەی (28)ی دەستوورە.
2- زیادکردنی نرخی کارەبا، پێشێلکاریی ڕێنمایی ژمارە (2)ی ساڵی (2021)ی وەزارەتی کارەبایە، کە لە خشتەی (5)ی ڕێنماییەکەدا، بۆ ئاستی یەکەمی بەکارهێنان بۆ مانگێک (1 تا 450)، نرخی یەک کیلۆ وات بۆ كاتژمێر تەنها بە (18) دینار دەستنیشان کراوە.
3- زیادکردنی نرخی کارەبا دژی بەرژەوەندی هاووڵاتیانە و لە دەستنیشانکردنی نرخەکاندا بە هیچ جۆرێک ڕەچاوی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان نەکراوە.
گوڵپی دەشڵێت: داوامان کردووە دادگا بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە و وەزارەتی کارەبا و حکومەت پابەند بکات بە دابینکردنی کارەبا بۆ هاووڵاتیان بە نرخی حکومی کە (18) دینارە بۆ یەک کیلۆ وات.
|