کوردستان

مەترسییەکی گەورە لە هەرێم دروست دەبێت و ئامارێکی ترسناکیش ئاشکرادەکرێت

نها نیوز - هەواڵەکان 

سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی لە پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە پارێزگای کەرکوک جموجۆڵیان هەیە ژمارەیەکیان کوردن و لەگەڵ چەکدارە عەرەبەکان لەچوارچێوەی مەفرەزەی گەڕۆکدا رێکخراونەتەوە. هاوکات ژمارەیەک لە کوردیش لەناو ئەورێکخراوەدا زیادیکردووە.

سەرچاوە باڵا سەربازییەکەی پارێزگای کەرکوک کە لەبەر هەستیاری پێگەکەی نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای وت "ناسنامەی 27 چەکداری داعش لە باشوری کەرکوک و 23 چەکدارتر لە ناوچەی زەرگەی سنوری قەزای خورماتوو، هەروەها 6 چەکداریش لەناوچەی غەڕەو پەڵکانە لای دەزگا ئەمنییەکان روونن".

جەختکردنەوەی سەرچاوە سەربازییەکە لە ناسنامە و شوێنی چەکدارانی داعش لەکاتێکدایە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنەکانیان لەناوچەی غەڕەو پەڵکانەی سنوری قەزای خورماتوو چڕکردووەتەوە.

سەرچاوەکە وتیشی "لەکۆی ئەو 56 چەکدارەی ناسنامەیان لای دەزگا ئەمنییەکانە، گومان دەکرێت 11 چەکداریان کورد بن".

لایخۆیەوە، وەهاب ئەحمەد بەڕێوەبەری ناحیەی زنانەی سنوری قەزای خورماتوو، بوونی چەکداری کوردی لەنێو داعش پشتڕاستکردەوە و راگەیاند "چەکدارە کوردەکانی نێو داعش کوردی ئێران و کوردی هەرێمی کوردستانیشیان تێدایە".

ناوچەی وادی شای لە باشوری کەرکوک، ناوچەی زەرگەی سنوری قەزای خورماتوی پارێزگای سەڵاحەدین، ناوچەی غەڕەو پەڵکانەی باکوری رۆژهەڵاتی خورماتوو، هەروەها سنوری زنجیرە چیای حەمرین و گوندە دوورە دەستەکان لە ئێستادا ئەو ناوچانەن بە پێگەی داعش دادەنرێن.

بۆ پاراستنی چەکدارەکانی لە هێرشی فڕۆکە و ئۆپەراسۆنی سەربازی لە دژیان، داعش لە ئێستادا چەکدارەکانی بۆسەر مەفرەزەی گەڕۆکی بچووک بچووک دابەشکردووەو جموجۆڵی چەکدارەکانیشی سنوردار کردووە زیاتر لەڕێگەی ماتۆڕسکیلەوە ئەنجامی دەدەن.

بەرپرسێکی سەربازی کورد لە پارێزگای سەڵاحەدین کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، ئاماژە بەوە دەکات "تێبینی زیادبوونی چەکداری کوردمان لە ویلایەتی کەرکوکی داعش کردووە، بەشێک لەو چەکدارانە کوردی ئێرانن".

بەرپرسەکە دەڵێت "یەکێک لە چەکدارە کوردە ئێرانییەکانی ویلایەتی کەرکوکی داعش بە "ابوجابانی کوردی" ناسراوە، ئەم چەکدارە شارەزای بواری دانانی بۆمبە و خۆشی قاچێکی بڕاوە و قاچی دەستکردنی بۆ دروستکراوە".

ناوچەی غەڕەو پەڵکانەی سنوری قەزای خورماتوو بەیەکێک لە پێگەکانی داعش لە عێراق دادەنرێت، ئەم ناوچەیە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین پێکەوە گرێ دەدات و لەلایەن داعشەوە کراوە بەشوێنی حەوانەوە و مەشقکردن و گواستنەوەی چەکدار لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر.
هەروەها وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زنانە راشیدەگەیەنێت "ماوەیەک داعش جموجۆڵی زۆری هەبوو لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانە، ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکان سنورداکردنی جوڵەی داعشە".

 
2025-03-09
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.