نها نیوز – هەواڵەکان
یاساناسێک بەناوی محەمەد جەواد یەڵماز ئاشکرای دەکات، وێڕای لێدوانی کاربەدەستان گۆشەگیری لەسەر رێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان بەردەوامە و تورکیا لە دژی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دەجوڵێتەوە، دەشڵێت "لە ئیمراڵی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ بوونی هەیە".
محەمەد جەواد یەڵماز، پارێزەر و یاساناس سەبارەت بە مافی هیوا و بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پەیوەست بە رێبەر ئاپۆ قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد و راگەیاند "بەگوێرەی یاسای سزادانی تورکیا قورسترین سزایەک کە بەسەر هەر مرۆڤێکدا دەسەپێندرێت، سزای زیندانی هەتاهەتایی توندکراوە. پێشتر قورسترین سزا، لەسێدارەدان بوو. بەڵام بەگوێرەی یاسا کەسێک کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕاوەتەوە، دەتوانێت دوای 30 ساڵ سود لە مافی ئازادبونی مەرجدار وەربگرێت، بەڵام بە گوێرەی ماددەی 107/16 لە چوارچێوەی ''تاوانەکان لە دژی یەکپارچەیی دەوڵەت و دەستوری هەمیشەیی'' سزادراوان ناتوانن سود لەو ئازادبوونە مەرجدارە وەربگرن. واتە ئەوانەی تاوانی بەو جۆرەیان کردبێت ناتوانن سود لە ئازادبوونی مەرجدار وەربگرن. ئەوەش دەبێتە مایەی ئەوەی ئەو کەسە تا کۆتایی ژیانی لە زینداندا بمێنێتەوە".
سەبارەت بە بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەسەر مافی هیوا یەڵماز وتیشی "بەگوێرەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا زیندانیان و سزادراوان دەبێت بەردەوام هیوای ئازادبوونیان هەبێت و چەسپاندنی ئەو مافی هیواش پێویستی بە گرتنەبەری رێکارە. هەربۆیە بڕیارەکانی دادگاکە لەبارەی تورکیاوە زۆر گرنگن. یەکەم بڕیاری پەیوەستبوو بە بەڕێز ئۆجەلان. ئەو بڕیارە لەبارەی هەلومەرجی ناو زیندانەکانی تورکیا هۆشدارییەکی توند و جددی بوو. دادگای مافەکانی مرۆڤ لەرێگەی ئەو بڕیارەوە رایگەیاند، کە دەبێت مرۆڤەکان هیوای ئازادبوونیان لەدەست نەدەن".
ئەو یاساناس و پارێزەرە ئاماژە بەوەش دەکات، کە تورکیا تائێستا بڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای جێبەجێ نەکردووە و تائێستاش یاسای سزادان ئەو خاڵ و بڕگانەی تێدا ماون کە مافی هیوا لەبەرچاوناگرن، هەروەها دەشڵێت "سەرباری تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر بڕیارەکەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، تائێستا تورکیا هیچ گۆڕانکارییەکی لە یاسای سزاداندا ئەنجام نەداوە. دیارە ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە تورکیا لە یاساکانیدا جیاکاری لەنێوان جۆرەکانی تاوان دەکات. بۆ نمونەی مافی ئازادبوونی مەرجدار لە ئەوانەی تۆمەتی دژایەتیکردن لەبەرامبەر یەکپارچەیی دەوڵەتیان ئاراستە کراوە زەوت دەکرێت، بەڵام ئەگەر کەسێک بەتۆمەتی کوشتن سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ بڕابێتەوە، دەتوانێت سود لە ئازادبوونی مەرجدار وەربگرێت. ئەو دۆخە بەپێچەوانەی پێودانگی یەکسانی یاساکانی سزادانە".
پەیوەست بە گۆشەگیری لە ئیمراڵی، ناوبراو ئاشکراشیکرد "گۆشەگیری بەدڵنیاییەوە لە دژی یاسایە، لە دژی شکۆی مرۆڤایەتیە. دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا رایگەیاند کە راگرتنی ئۆجەلان بەتەنیایی لە زیندانێکدا شێوەیەکە لە ئەشکەنجە. بەتەنیا راگرتن و دابڕاندن دژوارترین جۆری گۆشەگیرییە. بەتەنیا هێشتنەوەی مرۆڤێک لە زیندان و پچڕاندنی پەیوەندییەکانی بە جیهانی دەرەوە، بە واتای پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و رێگری لە بڵاوکردنەوەی فکرەکانیشی لە دەرەوە بەگوێرەی ماددەی ٣ی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پێشێلکردنی قەدەغەی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپە. دەبێت لەبەرامبەر کردەوەی لەو جۆرە تێکۆشان بکرێت".
"هەموارکردنەوەی یاسای سزادان بەگوێرەی مافی هیوا دەبێت دەستوبرد و پەلەی تیابکرێت و دەبێت یاسا مەرجدار نەکرێت و لەکاتی پێداچوونەوە بە دۆسیەی هەر سزادراوێک، دەبێت مافی هیوای کەسەکە لەبەرچاوبگیرێت". محەمەد جەواد یەڵماز وای وت