ئەسەد لە دیمەشق نییە
نها نیوز – هەواڵەکان
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکەوە کە ناوی نەهێنراوە ڕایگەیاندووە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا لە دیمەشق نییە.
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن -ی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی "شێرەکە لە هیچ کام لەو شوێنانەی شارەکەدا ئامادە نییە کە چاوەڕوان دەکرا لەوێ بیدۆزیتەوە".
تۆڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پاسەوانانی سەرۆکایەتی ئەسەد، لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئاسایی خۆی جێگیر نەکراون، وەک ئەوەی کە جاران ئەو لەوێ ئامادە دەبوو، ئەمەش قسە و باسی دروست کردووە کە ڕەنگە دیمەشقی بەجێهێشتبێت.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشكراکردووە، پاسەوانەکان بەپێی نەریتی خۆیان دەبێت ئەمنیەتی ناوخۆیی بۆ ئاسایشی ئەسەد دابین بکەن، وە لەگەڵ هەر جوڵەیەکی سەرۆکدا ئەوانیش گەشت دەکەن.
ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆماری سووریا هات کە دووپاتی کردەوە ئەسەد لە دیمەشقە و لە نووسینگەکەیەوە بەردەوامە لە کارەکانی.
بەپێی سەرچاوەکە، هێزە چەکدارەکانیش هیچ زانیارییەکی هەواڵگری پشتڕاستکراوەیان نییە سەبارەت بە شوێنی ئەسەد.
|