ئابوری

ئەمڕۆ یان رۆژی پێنجشەممە بەغدا پارەی تەواوکاری بۆ مووچەی مانگی 10 دەنێرێت

نها نیوز - هەواڵەکان

میدیای پارتی بڵاویکردەوە، وەزارەتی دارایی عێراق رۆژی سێ شەممە بڕی 110 ملیار دیناری دیکە دەخاتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان بەمە کورتهێنان کەمتر دەبێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای پارتی نزیک لەدەسەڵاتی یەکەم، لە سێ رۆژی داهاتوودا، واتە لە سبەی سێشەممە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 110 ملیار دیناری دیکە دەخاتەسەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان.

هاوکات ئەو بڕە پارەیە لە پشکی بەکارکردن لە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە موناقەلە دەگوازرێتەوە سەر پشکی مووچە.

زانیارییەکانی ئەو میدیایە ئەوەشی خستووەتە روو، ئەمڕۆ دووشەممە وربینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی 11 لە بەڕێوەبەرایەتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی عێراق تەواو بووە. 

بەهۆیەوە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مانگی 12 یە، لەم رۆژانە تەواو دەبێت و هەفتەی داهاتوو بۆ بەغدا دەنێردرێت.

جێی سەرەنجە، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان پێویستی بە 996 ملیار دینار هەیە بۆ مووچە، وەزارەتی دارایی عێراق پێرێ بڕی 761 ملیار دیناری نارد، لەگەڵ ئەو 110 ملیارەی بڕیارە بینێرێت دەکاتە 871 ملیار دینار، واتە تەنیا  125ملیار دینار کورتهێنان دەمێنێتەوە.
2024-12-03
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.