هەرێم چاوەڕێی تەواوکاری مووچەی مانگی 10ەو بەڵێنیش دەدات مانگی 11 و 12 نەوفەوتێت
نها نیوز - هەواڵەکان
بەوتەی بەرپرسێکی باڵای ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەر، لە هەوڵدان تەواوکاری پارەی مووچەی مانگی 10 بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت، دەشڵێت "کار لەسەر ئەوە دەکەین، هەرسێ مووچەی 10 و 11 و 12 تا کۆتایی ئەمساڵ بدرێن".
د. عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەری كوردستان بە میدیای پارتی وت "لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە پەیوەندیداین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەران، بەتایبەت بۆ سێ مووچەی ئەمساڵ".
وتیسی "کار لەسەر ئەوە دەکەین هەرسێ مووچەی 10 و 11 و 12 تا کۆتایی ئەمساڵ بدرێن".
بەوتەی عەبدولحەكیم خەسرەو "ئەگەر لە بەشێک لە بەشەکان پارەی تەرخانکراو نەمابێ، بە وتەی دارایی فیدڕاڵ، ئەوه لە بەشی دیکەی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان پارە هەیە و دەکرێت موناقەلەی بۆ بکرێت و ئێستا هەوڵەکان بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامن".
بەرپرسێکی باڵای ئەنجومەنی وەزیرانە ئەوەشی ئاشکراکرد "لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ئەو بەشەی نەنێردراوە و کورتهێنانی هەیه، ئەویش بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت".
ئەوەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ 761 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 10ی هەرێمی کوردستان خەرجکرد و خستییە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی، بەڵام کورتهێنانی هەیە و بڕەکەی 233 ملیار دینارە.
|