ئابوری

پشکی بودجەی 2025 کێشەی تێکەوت

نها نیوز - هەواڵەکان

بەوتەی کاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ناتوانن بۆ بودجەى 2025 پشکى هەرێمى کوردستان بکەین بە 14%، هەرچەندە لەسەرژمێریدا رێژەی دانیشتوانی هەرێم ئەو ڕێژەیەش تێدەپەڕێنێت.

کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمامی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە میدیای یەکێتی وت "بودجەى عێراق بۆ سێ ساڵە و گۆڕانکارى لە دەقى بودجەکەدا ناکرێت، هەربۆیە ناتوانین پشکى هەرێمى کوردستان لە 12.67% بۆ 14% زیاد بکەین".

لە یاساى بودجەى 2023 و 2024 و 2025ـى عێراق، پشکى هەرێمى کوردستان بە 12.67% دیاریکراوە، بەڵام بەگوێرەى ئەنجامى بەرایى سەرژمێریى دانیشتووان، هەرێمى کوردستان 14%ـى کۆى دانیشتوانى عێراق پێکدەهێنێت.

کاروان یاروەیس ئاماژە بەوەش دەکات "حکومەتى عێراق سەرقاڵى ئامادەکردنى خشتەى بودجەى 2025ـە، گۆڕانکارى لە ژمارەکان دەکات وەکو بڕى بودجە و خەرجییەکان و دواتر رەوانەى ئەنجومەنى نوێنەرانى دەکات، بەڵام دەقى یاساکە گۆڕانکارى تێدا ناکرێت".

ناوبراو زیاتری رونکردەوە "پاش تەواوکردنى قۆناغى سێیەمى سەرژمێریى دانیشتووان و راگەیاندنى ئەنجامە فەرمییەکان، سەرژمێرییەکە دەبێتە بنەماى دیاریکردنى بودجەى 2026 و ساڵانى دواتر".

ئەمە لەکاتێکدایە، قۆناغى سێیەمى سەرژمێریى دانیشتووان لە هەرێمى کوردستان کە 70 پرسیارە لە 18ـى کانونى یەکەم تەواو دەکرێت، لەوبارەیەوە مەحمود عوسمان، سەرپەرشتیارى سەرژمێریى گشتى لە هەرێمى کوردستان رایگەیاند، کە ئاشکراکردنی ئەنجامەکانى نزیکەى دوو مانگ دەخایەنێت.
2024-11-30
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.