"بە سێ 763 ملیار دینار مووچەی مانگی 10 و 11 پڕدەکرێتەوە"
نها نیوز - هەواڵەکان
بەپێی وتەی سۆران عومەر ئەندامی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق، هەرێم بەنیازە بە سێ 763 ملیار دیناری بەغدا، مووچەی مانگی 10 و 11 دابەش بكات.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا لە پێگەی فەرمی خۆی ئاشکرای دەکات "ناردنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە ئیمزاكراوە و بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بڕی 763 ملیارو 146 ملیۆن) دینار بخرێتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێم بۆ مووچەی مانگی 10".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "پێویستە هەرێم لەداهاتی ناوخۆو نەوت 233 ملیار دیناری بخاتە سەر ئەو بڕە پارەیە، چونکە لیستی مووچەی بە 996 ملیار دینار داناوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا "هەرێم داوای بڕێک پارەی دیکەی لە دارایی عێراق کردووە وەک پشکی هەرێم تاوەکو مووچەی مانگەکانی 11 و 12ی پێ تەواو بكات لەگەڵ ئەو دوو 763 ملیارەی دیکە كە بڕیارە بنێردرێت".
وتیشی "ئەگەر بەغدا ئەو پارە زیادەی داواکراوە نەینێرێ، هەرێم بەنیازە بە سێ پارەی 763 ملیار دیناری بەغدا، مووچەی مانگی 10 و 11 دابەشبکات لەکاتێکدا لە 10 مانگی رابردوو هەرێم تەنیا 395 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی بۆ بەغدا گەڕاندووەتەوە، جگە لەوەی نەوتی بەتانکەر و لەناوخۆ فرۆشتووە".
|