نها نیوز – هەواڵەکان
لەشیكارییەكدا لەم سەرژمێریەدا رێژەی دانیشتوانی هەرێم لە%14.03 دانیشتوانی عێراق پێكدەهێنێت، ئەندامێكی پەرلەمانی عێراقیش رایدەگەیەنێت، کە ئەم بەرزبوونەوەیە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر زیادبوونی بەشە بودجەی هەرێم و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانیش دەبێت.
بەپێی ئەنجامی بەرایی سەرژمێرییە گشتییەكە دانیشتوانی عێراق 45 ملیۆن و 407 هەزار و 895 كەسن، هاوكات ژمارەی دانیشتوانی هەرێمیش 6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 كەسە.
لەوبارەیەوە د. بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراكسیۆنی یەكێتی بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی وت "بەرزبوونەوەی رێژەی دانیشتوانی هەرێم بەپێی سەرژمێری گشتی عێراق، كاریگەری باشی لەسەر زیادبوونی بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی سیادی و بەشە دەرمان و سەبەتەی خۆراك و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان دەبێت".
وتیشی "پێویستە بەپێی رێژەی دانیشتوان مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بكرێت، بێگومان بەمەش بەشە بودجەی هەرێم زیاد دەكات و كاریگەری لەسەر مووچەی مووچەخۆران و بوژاندنەوەی كەرتی وەبەرهێنان و تەواوكردنی پڕۆژەكان و پرسە ئابوورییەكانی دیكە دەبێت".
دانیشتوانی هەرێمی كوردستان كە 6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 كەسە، دابەشبوون بەسەر پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ئیدارە سەربەخۆكاندا كە لەو ژمارەیە، 3 ملیۆن و 200 هەزار و 506 كەسیان لەڕەگەزی نێرن و 3 ملیۆن و 170 هەزار و 162 كەسیان لەڕەگەزی مێ ـن.
بۆ ئەو مەبەستە لایخۆشیەوە كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەهەمان فراكسیۆن راگەیاند "بەرزبوونەوەی رێژەی دانیشتوانی هەرێم كاریگەری لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان دەبێت، هاوكات لەگەڵ ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕگەیەكی لەیاسای بودجە هەمواركردووەتەوە و ناردوویەتی بۆ ئەنجومەنی نوینەران، بەڵام هیچ كام لەو بڕگە هەمواركراوانە پەیوەندیان بەبڕگەی مووچە و بەشە بودجەی هەرێمەوە نییە".
یاوەیس ئاشکراشیکرد "دەكرێت بۆ ساڵانی ئایندە كورد رێژەی دانیشتووان بكاتە پێوەر بۆ دیاریكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەپێی ئەم یاسایەی لەئێستادا هەیە بودجەی هەرێم بۆ ساڵی داهاتووش وەك رابردوو دەبێت".
هەر بەپێی بەدواداچونەكانی ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی، بودجەی گشتی عێراق كە ساڵانە بۆ هەرێم دێت و ریژەكەی %12.67ە دەگاتە 20 ترلیۆن دینار، كە مانگانە 1.6 ترلیۆن دینار دەكات، بەڵام ئەگەر بەپێی رێژەی دانیشتوان بودجە بۆ هەرێم بنێرێت كە لەئێستادا دانیشتوانەكەی %14.03یە پێویستە نزیكەی 22 ترلیۆن دینار بۆ هەرێم بنێرێت.