پەرلەمانتارێک: هەرێم پارەی مووچەی سێ مانگەکەی هەیە و خۆی دابەشی ناکات
نها نیوز - هەواڵەکان
ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم بە داهاتی ناوخۆ دوو ترلیۆن و 640 ملیار دیناری لەبەردەستە ئیتر بۆ مووچەی ئەو سێ مانگە نادات، دەشڵێت "داهاتی نەوت دوو ترلیۆن و 400 ملیارە و ئەگەر نیوەی بۆ كۆمپانیاكان بێت ئەوەی تری چارەنووسی نازانرێت".
عومەر گوڵپی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا نوسیویەتی "بەپێی زانیاریی و داتای خۆیان، هەرێمی کوردستان مانگانە (350) ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەیە، کە بۆ 12 مانگی ئەمساڵ دەکاتە (4 ترلیۆن و 200 ملیار) دینار، خەرجی وەزارەت و فەرمانگە و خزمەتگوزاریی مانگانە نزیکەی (120) ملیار دینارە، بۆ ساڵەکە دەکاتە (یەک ترلیۆن و 440 ملیار) دینار، واتە داهاتی ناوخۆ (2 ترلیۆن و 960 ملیار) دیناری لێ زیادە".
گوڵپی نوسیویشیەتی "لەو بڕە تەنها نزیکەی (320 ملیار) دیناری بۆ بەغدا نێردراوە، واتە بێجگە داهاتی نەوت لە ئێستادا حکومەت (2 ترلیۆن و 640 ملیار) دینار داهاتی ناوخۆی لەبەردەستە، بۆ مووچەی ئەم سێ مانگەی پێ دابەش ناکەن؟".
بەوتەی ئەندامەکەی خولی پێشو "هەرێمی کوردستان رۆژانە بە پاڵاوگە و تەنکەر (320) هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، کەس نازانێت ئەم داهاتە چی لێدێت، کە مانگانە نزیکەی (400) ملیار دینار دەکات و ئەگەر نیوەی بۆ کۆمپانیاکان بێت ئەوە پێویستە بڕی (دوو ترلیۆن و 400 ملیار) دینار بۆ ساڵی (2024) بێتەوە خەزێنەی گشتی، لەم داهاتەی نەوت یەک دیناری بە بەغدا نەدراوە و کەسیش لە هەرێم چارەنووسی نازانێت".
"هیچ پاساوێک لەبەردەست بڕیار بەدەستانی هەرێم نییە بۆ دواخستن و دابەشنەکردنی مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ، ئەمەی هەرێم دەیکات یارییەکردنە بە قوتی خەڵک!". عومەر گوڵپی وای وت
|