ئابوری

دادگای فیدڕاڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە هاتەدەنگ

نها نیوز – هەواڵەکان

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پێویستە کار بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بکرێتەوە، پرسی مووچە لە ناکۆکی سیاسی دوربخرێتەوە، لەبەرامبەردا دادگای فیدراڵی وەڵامەکەی ئەرێنی بووە.

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی جەرخنەکردنی مووچەی فەرمانبەران وتی "بە سەرۆکی دادگای فیدراڵیمان وتووە؛ دەبێت بە زووترین کات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجبکرێت و کار بەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بکرێتەوە، هاوکات پرسی مووچە لە ناکۆکی سیاسی دوربخرێتەوە".

لەبەرامبەردا سەرۆکی دادگای فیدراڵی بە شاخەوان عەبدوڵایی راگەیاندووە، کە دەبێت بریارەکەی دادگا وەکو خۆی جێبەجێبکرێت و مووچەی فەرمانبەران لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە مانگانە بەبێ دواکەوتن دابەشبکرێت.

جێی ئاماژە بۆکردنە، ئەمڕۆ سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان تایبەت بەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ جاسم عەبود سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکە بریاردراوە کۆبوونەوەیەک لەنێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی و فراکسیۆنەکان رێکبخرێت تاوەکو بگەنە چارەسەری کۆتایی بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
 
2024-11-25
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.