کوردستان

هاتووچۆی هەولێر: بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا لە سەرجەم شەقامەکان قەدەغەیە

نها نیوز – هەواڵەکان
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت "لەپێناو رێکخستنی شەقام، کەمکردنەوەی جەنجاڵی و رووداوی هاتووچۆ لە شەقامەکان، هاوکات نەهێشتنی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، بڕیاری قەدەغەکردنی هاتووچۆکردنیانمان دا".

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "هاتووچۆی پاسکیل، مۆتۆرسکیل بە هەردوو جۆری دووتایە و سێتایە لەسەر شەقامی خێرای 120ـی و 150 مەتری قەدەغەیە".

لەبارەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی گەورەی بیناسازی و کشتوکاڵییەوە، هاتووچۆی هەولێر دەڵێت "هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی قورس کە لە بواری بیناسازی و کشتوکاڵی بەکاردەهێنرێن و خێراییەکانیان لە 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک کەمترە؛ لە هەردوو شەقامە خێراکەی 120 و 150 مەتری قەدەغەیە".

دەشڵێت "دەبێت ئۆتۆمبێلی قورسی بیناسازی و کشتوکاڵی، لەسەر فلات بگوازرێنەوە".

هاتووچۆی هەولێر باس لەوەش دەکات "هەر شۆفێرێک سەرپێچی ئەم بڕیارە بکات، تووشی سزای یاسایی دەبێت و ئامێرەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت".

لە هەرێمی کوردستان تەنیا رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێلی نوێ دەدرێت. ئەو ئۆتۆمبێلانەی پێیان دەوترێت بێ سەرەتا و تۆمارناکرێن، ئەوانەن کە بە قاچاخ و لە دەروازەکانەوە هێندراونەتە هەرێمی کوردستان، مۆدێلیان خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە و لە دەروازەکاندا هیچ پشکنینێکیان بۆ نەکراوە. بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش، زیاتر لە 60 هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و تۆمارنەکراو لە هەرێمی کوردستاندا هەن.
 
2024-11-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.