قۆناغی سێیەمی سەرژمێری 70 پرسیارەکە دەستیپێكرد
نها نیوز – هەواڵەکان
قۆناغی سێیەمی سەرژمێری لە 15 پارێزگای عێراق دەستیپێكرد، بەڵام ئەم قۆناغە لە هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی چەند رۆژێك دوادەكەوێت، بەهۆی ئەوەی جارێكی تر راهێنان بە بژمێرەكان دەكرێتەوە.
مەحمود عوسمان، سەرۆكی دەستەی جێبەجێكاری سەرژمێریی گشتی لە هەرێمی كوردستان دەڵێت "لە قۆناغی سێیەمی سەرژمێریدا، تایبەتمەندییە كەسی و خێزانییەكان تۆماردەكرێن، هەر خێزانێك 70 پرسیاری لەبارەی ئاستی خوێندن، تەندروستی، كاركردن لێدەكرێت و بەپێی تەمەن پرسیارەكان جیاوازن.
وتیشی "پرسیارەكان تایبەت و گشتین، دەكرێت لە كەسێكی بەرپرسی خێزانەكە وەربگیرێت، هەروەها لەنێو ئەو پرسیارانەدا ئاو و كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی تر لە خێزانەكان دەپرسن.
سەرۆكی دەستەی جێبەجێكاری سەرژمێریی ئاماژەی بەوەش دەکات "رەزامەندیی وەزیری پلاندانانمان وەرگرتووە و لە سبەینێوە خولەكانی راهێنانیان بۆ قۆناغی سێیەم دەستپێدەكەن.
سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە سێ قۆناغ ئەنجامدەدرێت، قۆناغی یەكەم گەمارۆسازی و ژمارە لێدان بوو، قۆناغی دووەم تۆماركردن و جێگیركردنی ژمارەی دانیشتووان بوو، قۆناغی سێیەمیش تۆماركردنی تایبەتمەندییە كەسی و خێزانییەكانە.
|