ئابوری

سۆران عومەر: به‌غدا ئاماده‌نییه‌ مووچه‌ی مانگه‌كانی 11 و 12ی ئه‌مساڵ بدات

نها نیوز – هەواڵەکان

ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق رایدەگەیەنێت، له‌مساڵدا هه‌رێمم پشكی خۆی به‌ڕێژه‌ی 12.67% بۆ موچه‌ وه‌رگرتوه‌ و ته‌نها 700 ملیار دیناری ماوه‌، ئاشکراشی دەکات، ده‌بێت پەرلەمانی بەغدا رازیبکرێت ئه‌و سێ ترلیۆن دیناره‌ی له‌ ئیستسماری هەرێم هەیەتی و هیچی بۆ نه‌هاتووه‌ به‌شێكی بگوازرێته‌وه‌ بۆ مووچه‌، به‌ڵام "ئه‌گه‌ر نه‌یكه‌ن ئه‌وا مووچه‌ی مانگی 11ی و 12 له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ نادرێت".

سۆران عومه‌ر، ئەندامی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی "رێژه‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌رژمێری گشتیدا دوو شتی پێدیاری ده‌كرێت كه‌ پێموایه‌ له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ عێراق به‌كاریده‌هێنێت له‌ به‌شه‌ بودجه‌ی 2026دا، ئه‌ویش پشكی كورده‌ كه‌ ئێستا 12.67%، به‌ڵام دواتر نازانرێت ئایا كه‌مده‌كرێته‌وه‌ یان زیاد ده‌كرێت، به‌ڵام گه‌شبین نییم كه‌ زیادبكات، چونكه‌ گه‌شه‌ی دانیشتوان له‌ ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادده‌كات".

ناوبراو وتیشی "ئه‌م سه‌رژمێریه‌ رێژه‌ی كورسی كورد بۆ په‌رله‌مانی عێراق دیارده‌كات كه‌ به‌پێی ده‌ستور هه‌ر 100 هه‌زار كه‌سێك كورسیه‌كی په‌رله‌مانی عێراقی ده‌بێت ئه‌گه‌ر ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق هێنده‌ به‌رزبووه‌وه‌ و رێژه‌ی كورسیه‌كانی له‌ 329 كورسی بوو به‌ 400 كورسی ئه‌وا پێموایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی دانیشتوانی زیادنه‌كات ئه‌وا هه‌ر 63 كورسی ده‌بێت و ئه‌وكات زیاتر كه‌مده‌كه‌ین له‌ عێراقدا".

په‌یوه‌ست به‌ مووچه‌ی مانگی 10ی ئه‌مساڵ، كه‌ تائێستا به‌غدا پاره‌ی ڕه‌وانه‌ نه‌كردووه‌، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاشکرایکرد "حکومەتی عێراق دەڵێت به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌ مانگی 9دا كۆتایی هاتووه‌ و ته‌نها 700 ملیاری ماوه‌ بۆ مووچه‌ هه‌ربۆیه‌ تائێستا كێشه‌ی لیستی مووچه‌ ته‌واونه‌بووه‌ و پێیانوایه‌ 12.67% خۆیان خه‌رجكردوه‌، ئه‌مه‌ش گرفتێكه‌".

"ده‌بێت قه‌ناعه‌ت به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بكه‌ین ئه‌و سێ ترلیۆن دیناره‌ی له‌ ئیستسماری هه‌مانه‌ و هیچمان بۆ نه‌هاتووه‌ به‌شێكی بگوازرێته‌وه‌ بۆ مووچه‌، به‌ڵام ئایا ئه‌مه‌مان بۆ ده‌كه‌ن؟ ئه‌گه‌ر نه‌یكه‌ن ئه‌وا مووچه‌ی مانگی 11ی و 12 له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ نادرێت". سۆران عومەر وا دەڵێ

 
2024-11-20
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.