عێراق: لەسەر بنەمای سەرژمێری پلان دادەنێینەوە
نها نیوز – هەواڵەکان
وتەبێژی حکومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، سەرژمێری پرۆسەیەکی گرنگە بۆ حکومەت بۆئەوەی بتوانێت پلان و بەرنامەکانی پێشبخات بە گوێرەی لایەنی ئابوری هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوان.
ئەمڕۆ سێشەممە، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد، سەرژمێری دەستکەوتێکی پێویستە بۆ پاڵپشتیکردنی پلانەکانی گەشەپێدانی داهاتووی عێراق و دابینکردنی داتا لە بوارەکانی ئابوری و گەشەپێدان و خزمەتگوزاری، هاوکات دەستنیشانکردنی زۆرترین تایبەتمەندییە دیارەکان کە سەرژمێرییەکە پێشکەشی دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆى داتا تازەکانەوە پلانى نوێ بۆ بەرێوەبردنى عێراق دادەنرێتەوە، بۆیە سەرژمێری یارمەتیدەر دەبێت بۆ عێراق کە بتوانێت بەگوێرەی پێویست بودجەی ساڵانەی دیاری بکات و خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکات.
عەوادی باسی لەوەش کرد، سەرژمێری پرۆسەیەکی گرنگە بۆئەوەی وڵات بتوانێت لەسەر داتا و ئاماری ورد پلانی ساڵانی داهاتووی بنیادبنێت.
|