نها نیوز - راپۆرت
وا بڕیارە رۆژانی 20 و 21ی مانگی 11ی ئەمساڵ، پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت. ئەمە لەکاتێکدایە، لهدوای ساڵی 1957هوه، هیچ سهرژمێرییهكی گشتی و سەرکەوتوو له عێراق و هەرێم ئهنجام نهدراوه، سهرهڕای ئهوهی لەو کاتەوە تا ئێستا، چەند هەوڵێکی جیاواز ههبوون، بهڵام بههۆی كۆمهڵێك هۆكار و بوونی چهندین بهربهست پرۆسهكه بهڕێوهنهچوو.
وێڕای ئەوەی سەرژمێرییەکی گشتی لەدوای ساڵی 1957ەوە نەکراوە، بەڵام بەپێی زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان، لە ماوەی 80 ساڵی رابردوودا، دانیشتووانی کوردستان (هەر چوار پارچە)، نزیکەی 27 ملیۆن کەس زیادی کردووە، دوو لەسەر سێی ئەم زیادکردنە، لە ئەنجامی زیادکردنێکی سروشتیدا بووە و بەشێکی دیکەشی، لە دەرەوە بۆ کوردستان کۆچیان کردووە.
پاش سەرژمێرییەکەی ساڵی 1957، لە ساڵی 1997ـدا، عێراق سەرژمێرییەکی گشتیی دیکەی دانیشتوانی ئەنجامدا، بەڵام لەو سەرژمێرییەدا چەندین گرفت لە ئارادابوو کە پرۆسەکە بە سەرکەتوو لە قەڵەم نەدرێت، گرنگترین هۆکاری بە سەرکەوتوو هەژمار نەکردنی پرۆسەکە، ئەنجام نەدانی ئەو سەرژمێرییەبوو لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، کە پرۆسەکە تەنها (15) پارێزگاکەی عێراقی لەخۆگرتبوو. ئەمەش وایکرد بەشێک لە توێژەران دان بە ئەنجامەکانیدا نەنێن.
ئێستا و دوای تێپەڕبوونی 27 ساڵ بەسەر ئەو سەرژمێرییەدا، سەرەڕای بایەخە گرنگەکەی ئەو پرۆسەیە، هێشتا نەتوانراوە سەرژمێرییەکی گشتی لە عێراق ئەنجام بدرێت، یەکێکیش لە گرنگترین هۆکارەکانی دواکەوتنی سەرژمێری ئەوەیە، کە سەرژمێریی گشتی تەنها پەیوەندی بە ژماردنی دانیشتوانەوە نییە، بەڵکو وردترین وردەکارییەکانی پێکهاتەی دیمۆگرافیی وڵاتەکە دیاری دەکات، کە دواتر حکومەتەکان پشتی پێدەبەستن بۆ بنیاتنانی پلانەکانیان لە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی، پیشەسازی، کشتوکاڵ، ئابووری و بازرگانی.
سەرژمێرییەکەی ئەمساڵ، بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ سەرژمێرییەکانی تر و بەشێک لە شارەزایان، بە فراوانترین سەرژمێری لە عێراق و هەرێم هەژماری دەکەن.
چەند زانیارییەک لەبارەی سەرژمێریی ئەمساڵ:
- ماوەی ڕۆژانی سەرژمێری 15 رۆژە، بەروارەکانی 20 و 21ی ئەم مانگە کە کراون بە پشووی فەرمی و قەدەغەی هاتوچۆ، لەو دوو ڕۆژەدا تیمی بژمێر، تەنها زانیاری سەرەکی ژمارەی خەڵک و خێزان تۆمار دەکەن، ئەو 13 رۆژەشی کە ماوە، تەواوی زانیاری فۆرمی ئەلکترۆنی سەرژمێری تۆمار دەکرێن.
- ئەو هاوڵاتیانەی لەو دوو رۆژەدا لە خزمەتدان و ئێشکگرن، وەک کەرتەکانی پزیشکی، سەربازیی، ئەمنی و میدیایی، دەتوانن کارتی نیشتمانیی خۆیان لەلای خێزانەکانیان بەجێبهێڵێن و تیمی سەرژمێری تۆماریان دەکەن، ئەوانەشی لەو رۆژەدا خۆیان، یان پێکەوە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان لەدەرەوەی وڵاتن، ئەوانیش بەهەمان شێوە دەتوانن کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری لەلای ئەندامانی پلە یەکی خێزانەکانیان دابنێن.
- وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڕی 459 ملیار دیناری بۆ تێچووی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی تەرخانکردووە.
لەو 13 رۆژەی دیکەدا، تیمەکانی بژمێر بۆ هەر ماڵێک نزیکەی 70 پرسیار لە نیشتەجێیانی ئەو ماڵە دەکەن، ئەمانەش بەشێکی ئەو پرسیارانەن:
ژمارەی ئەندامانی خێزان.
ناوی سیانی سەرۆک خێزان.
ناوی دایک و باوکی هەموو ئەندامانی خێزان.
پەیوەندی ئەندامانی خێزان بە سەرۆک خێزانەوە.
ڕۆژ و مانگ و ساڵی لە دایک بوونی هەموو ئەندامانی خێزان.
ژمارەی خێزان کە لە ناو هەمان خانوو دەژین.
جۆری جنسییەی هەموو ئەندامانی خێزان
جۆری ئاین.
شوێنی لە دایکبوونی هەموو ئەندامانی خێزان.
کێشەو ئاستەنگەکانی تەندروستی لە هەر ئەندامێکی خێزان.
دواین بڕوانامە ئەگەر هەبوو، پسپۆڕیەکەی چییە.
ئەندامانی خێزان کار دەکەن؟ کۆمەڵێک پرسیاتی تر لەو بارەیەوە.
پرسیاری باری خێزانداری هەموو ئەندامانی خێزان.
کۆمەڵێک زانیاری لە کارتی زانیاری یان نفوس وەردەگیرێت.
خانوو موڵکە یان کرێ، هتد…
ژمارەی موبایلی سەرۆک خێزان.
ڕوبەری خانوو.
خانوو چەند ژورە و چەند ژور بەکاردێنرێت
ئاوی ماڵ حوکومییە یان فلتەرە یان بیرە، هتد…
کارەبا نیشتیمانییە، تاقە شەمسیە یان هەرجۆرێکی تر
پاشماوەی ماڵەکەت چۆن فڕێ دەدەیت.
کۆمەڵێک زانیاری لە فۆڕمی خۆراک.
جێی باسە، دوای ئەنجامدانی سەرژمێری لە 20 و 21ی ئەم مانگەدا، ڕۆژی 22ی ئەم مانگە دەرئەنجامەکانی سەرژمێریی لە قۆناغی یەکەمدا ڕادەگەیەندرێت کە ژمارەی دانیشتووانی کۆی عێراق و هەر پارێزگایەک بە جیا لەخۆدەگرێت، قۆناغی دووەمیش کە هەموو وردەکارییەکان لەخۆدەگرێت لەنێوان شەش هەفتە بۆ دوو مانگی پێدەچێت و لە سەرەتای ساڵی نوێدا ڕادەگەیەنرێت.