نها نیوز - هەمەڕەنگ
مێژووی دروستبوونی شاری سلێمانی، بۆ 14 ی تشرینی دووەمی ساڵی 1784 دەگەڕێتەوە كاتێك لەلایەن ئیبراھیم پادشای بابانەوە ئاوەدانكراوەتەوە، ئیبراھیم پاشای بابان شارەكەی بەناوی سلێمان پاشای باوكییەوە ناوناوە، ھەر لەسەرەتاوە شارەكە گرنگییەكی زۆری ھەبووە و جگەلەوەی پایتەختی میرنشینی بابان بووە، ھاوكات مەڵبەندێكی بازرگانی و رۆشنبیری بووە لەناوچەكەدا.
لە ساڵی 1922 تا 1924 شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەكەی مەلیك مەحمود بووە، جگە لەوەش كە لانكەی بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرساندنی چەندین شۆڕش و راپەڕینیش بووە لەمێژووی كوردستاندا.
لە ئێستاشدا شاری سلێمانی شاری رۆشنبیری و یەكێك لەگرنگترین شارەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستانە كە ساڵ لەدوای ساڵ شارەكە لەسەرجەم رووەكانەوە گەشەی زیاتر بەخۆوە دەبینێت.
لەرووی ژمارەی دانیشتوانەوە، ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی بەردەوام لەگەشەكردندایە و بەپێی دوایین ئامار كە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقییەوە ساڵی 2018 بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی لەئێستادا دوو ملیۆن و 212 ھەزار كەسەو رێژەی لە 6% ی دانیشتوانی عێراق پێكدەھێنن.
گەڕەك و شوێنە مێژووییەكانی
شاری سلێمانی چەندین گەڕەك و ناوچەی مێژویی لەخۆ دەگرێت، دیارترین گەڕەكە مێژووییەكانی شاری سلێمانی گەڕەكی كانی ئاسكان، گۆیژە، مەڵكەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن گەڕەكی جوولەكانە، لەدیارترین شوێنە مێژوییەكانی شاری سلێمانیش، بەردەركی سەرایە كە میرەكانی بابان لەگەڵ دروستكردنی شاری سلێمانی جێگەیەكیان تەرخانكردووە بۆ بارەگای بەڕێوبردنی دەسەڵاتەكەیان كە بە سەرا ناسراوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی مەلیك مەحمودیشدا، سەرای سلێمانی لەناو سەنتەری شاری سلێمانی دروستكراوە كەپێكھاتووە لە دوو نھۆم و 43 ژوور، چەندین جار كاری چاكسازی تیادا كراوەو پاشان تەرخانكراوە بۆ پێگەی ئیداری پۆلیس و قائیمقامییەت، ئێستاش لەلایەن پارێزگای سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی شۆێنەواری سلێمانییەوە نوێكراوەتەوەو بووەتە یەكێك لەدیارترین شوێنە مێژویییەكانی سلێمانی.
شوێنە گەشتیارییەكانی سلێمانی
سەرباری بوونی چەندین شوێنی گەشتیاری و ھاوینە ھەوار لەشاری سلێمانیدا، بەڵام ھەریەك لەسەیرانگای سەرچنارو ھاوینە ھەواری دوكان، لەدیارترین ھاوینە ھەوارەكانی شارەكەن و ساڵانە سەدان ھەزار كەس لەناوخۆ و دەرەوە سەردانیان دەكات، باخی گشتیش یەكێكە لەشوێنە مێژووییەكانی سلێمانی كە دەكەوێتە خۆرئاوای شارەكەوەو یەكەم باخچەی میرییە كە لەساڵەكانی (1937-1939) لەلایەن مەجید یەعقوبی موتەسەریفی ئەو كاتەی سلێمانییەوە دروستكراوە.
شاری سلێمانی لە هەرێمی كوردستاندا بەشاری رۆشنبیری دەناسرێت ئەوەش بۆ دەوری بابان و دامەزراندنی شارو ماوەیەكیش لەساڵانی دەوڵەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە، كە ھەموو مەلاو زاناكان شاعیرو نووسەر بوون و رۆڵی مزگەوت و حوجرەش كەم نەبووە لەو بوارەدا، سێ كوچكەی بابان، "نالی و سالم و كوردی" قوتابخانەی شیعری بابان-یان دروستكردووەو تا ئەمڕۆش كاریگەری گەورەیان لەسەر زمان و ئەدەبیاتی كوردی ھەیە.
جگە لەوەش زۆربەی نوسەرو ئەدیب و شاعیرانی كورد لەسلێمانیدا بوون كە دیارتینیان نالی، سالم، كوردی، مەولانا خالید، گۆران و تایەر بەگی جاف، وەلی دێوانە، زێوەر، ئەحمەد موختار جاف، مەلا عەزیزی موفتی، پیرەمێرد، بێخود، جەمال عیرفان و بێكەس و شێركۆ بێكەس و چەندین نووسەر و شاعیری گەورەی ترن.
سلێمانی پێشەنگە
لەرووی گرنگیدان بە میدیا و رۆژنامەگەریشەوە شاری سلێمانی لەپێشەنگی شارەكانی ھەرێمی كوردستاندایە ھەر لە سەردەمی شێخ مەحمودی نەمرەوە سلێمانی شوێنی دەرچوونی چەندین رۆژنامە بووە، لەئێستاشدا دەیان دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی تێدایەو چەندین رۆژنامەو گۆڤاری لێوە دەردەچێت و ژمارەیەكی زۆریش رادیۆو تەلەفزیۆن و سەتەلایتی تێدا پەخش دەكرێت، لەم شارەدا چەندین گرووپی شانۆو مۆسیقاو نیگاركێش و ھونەرمەندی شێوەكار ھەن و بەبەردەوامیی لەم شارەدا چالاكییە ھونەرییەكان بەڕێوەدەچن.
لەرووی گرنگیدان بەخوێندنیشەوە، شاری سلێمانی ھەمیشە پێشەنگ بووەو مێژوو ئەو شایەتییەی بۆ دەدات كە دروستكردنی یەكەم زانكۆ لەھەرێمی كوردستاندا لەشاری سلێمانی بووە كاتێك بۆ یەكەمجار لەساڵی 1968 زانكۆی سلێمانی دامەزرا، سەرەتا تەنھا سێ كۆلێژی تێدا بوو، بەڵام ساڵانی دواتر ژمارەی كۆلێژەكان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كرد، لەساڵی 1981 رژێمی بەعس ئەم دامەزراوە ئەكادیمییەی راگواست بۆ شاری ھەولێرو ناوەكەشی گۆڕدرا بۆ "زانكۆی سەڵاحەدین".
لەساڵی 1992 جارێكی تر زانكۆی سلێمانی دامەزرێندرایەوە لەئەنجامی ھەوڵ و كۆششی زۆری رۆشنبیران و زانستخوازانی كوردو خەڵكی دڵسۆزی شاری سلێمانی و لەرۆژی 14ی تشرینی یەكەمی 1992 دا زانكۆ جارێكی تر كرایەوە، لەئێستاشدا چەندین زانكۆو كۆلێژی جیاواز لەناو شاری سلێمانیدا دامەزراون.
لە ئێستادا دوای تێپەڕبوونی 240 ساڵ بەسەر دروستبوونی سلێمانیدا، ئەم شارە لەھەموو بوارەكاندا گەشەكردنی بەردەوامیدایەو لەسەر ئاستی عیراق و ھەرێمی كوردستان بووەتە ناوەندێكی گرنگی سیاسی و بڕیاردان.