لەبارەی بڕینی مووچەی شەش هەزار کەسەوە لە سلێمانی زانیاری شۆکهێنەر ئاشکرا دەکرێت
نها نیوز – هەواڵەکان
لەبەر نەبوونی بایۆمەتری مەترسی بڕینی مووچە شەش هەزار کەس لە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی هەیە، لەوبارەیەوە بەڕێوبەرایەتی شەهیدان هۆشداری دەدات.
ئەدیب لەتیف، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت "ئەو کەسوکاری شەهیدانەی تائێستا بایۆمەترییان دەرنەکردووە، پێویستە تا 20-11-2024 سەردانی نزیکترین بنکەی بایۆمەتری بکەن، بەپێچەوانەوە مووچەکانیان دەبڕدرێت".
ناوبراو ئاشکراشی دەکات "تائیستا شەش هەزار کەس لە کەسوکاری شەهیدان ماون کە UPNیان نەکردووە، داوا دەکەین بە زووترین کات مامەڵەی تەواوکردنی بایۆمەتری بکەن، هەرچەند پێشتر کە 11 هەزاریان UPNـیان نەکردبوو، بەڵام دوای بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەکان هەندێکیان کردوویانە".
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەکات "هەر کەسێک مووچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت و تاوەکو 20-11-2024 کۆدی بایۆمەتری نەبێت، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە مووچەکەی رادەگیرێت، هەربۆیە لە هەموو بەرێوەبەرایەتییەکانی کاروباری شەهیدان بایۆمەتری مووچە دروستدەکرێت و دەتوانن سەردان بکەن".
|