ئایا زستانێکی سەخت بەڕێوەیە؟
نها نیوز - هەواڵەکان
بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەم سەرمایەی ئێستا کاتییە و لە رۆژانی داهاتوودا پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە. دەشڵێت "زستانی ئەمساڵیش وەک ساڵانی ترە و هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ لەڕووی سەختی و سەرماوە نابینرێت".
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بە نها نیوز-ی وت "ئەو کەشە ساردەی ماوەی چەند رۆژێکە رووی لە هەرێم کردووە تەنیا شەپۆلێکی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرمایە و لە رۆژانی داهاتووشدا، پلەکانی گەرما 2-3 پلە بەرزدەبنەوە".
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن، زستانی ئەمساڵ "سەخت و سارد"تر دەبێت بەراورد بە ساڵانی پێشوو، ئاسۆ کەمال بە نها-ی وت "ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکی زانستییان نییە، هەر وەرزێک و بەپێی کۆمەڵێک هۆکار و سیستمی داینەمیکی کاریگەر دەبێت".
بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی دەشڵێت "لەئێستادا جیهان لە گەرمبوونی کەشوهەوادایە و پلەکانی گەرما گۆڕانکارییان بەسەرداهاتووە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بەجێهێشتووە".
|