کوردستان

تاڵەبانی مۆدێلی بانگەشەی گۆڕی

نها نیوز – هەواڵەکان

زۆرێک لە حزبەکان و تەنانەت خەڵکیش دژی بانگەشەی یەکێتی دوان، بەڵام ئەم بانگەشەی تاڵەبانی مۆدێلێکی نوێی بەبەر هەڵبژاردندا کرد و مۆدێلە تەقلیدیەکەی گۆڕی، حزبەکەش بێ گوێدانە بەرژەوەندی حزبی زۆرێک لە گەنجانی پەلکێشکرد نەک تەنیا دەنگدان بەو حزبە، بەڵکو هەزاران گەنجی هێنایەسەر سندوقەکانی دەنگدان، کادرێکی ئەو حزبەش دەڵێت "گەنجان بە وتارەکەی کاک بافڵ بە یەکێتی ئاشتبونەوە".

دونیا غەفار، کادری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پێگەی فەرمی خۆی وتارێک بەناونیشانی (جیاوازی بانگەشەی یەکێتی بەبەراورد بە ساڵانی تر؟) دەنوسێت "زۆرێک لە حزبەکان دژی ئەم بانگەشەیەی یەکێتیی بوون، کەچی ئامانجی هەمووشیان رازیکردنی خەڵک بووە، بانگەشەی ئەم جارەی یەکێتی زۆرترین کاردانەوە و دەنگدانەوەی هەبوو، ئەمەش کاریگەری بەتایبەت لەسەر گەنجان هەبوو لەلایەن خودی وتاردەرەکەوە (کاک بافڵ)".

ئەو کادری یەکێتیە نوسیویشیەتی "زۆربەی گەنجەکانمان لەگەل وتارەکەی کاک بافڵ بە یەکێتی ئاشتبوونەوە کە ئەمە زۆر بە روونی دیارە و درکی پێدەکرێت".

وتوشیەتی "زۆر ئاساییە هەریەک لە حزب یاخود کەسەکان چۆن بانگەشە دەکەن لە هەموو وڵاتانی تر جۆرەها بانگەشە بوونی هەیە و هەموومان دەزانین کە ئەمەش بۆ کاریگەری کردن یاخود رازیکردنی بینەرێک بۆ پێشخستنی کارنامەیەک بەکاردێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە "زۆر جار لە زمانی ئینگلیزیدا بە پروپاگەندە ناوی دێت (propaganda)، زۆرجار بۆ پێشخستنی دۆزی سیاسی یان دیدێکی دیاریکراو بەکاردێت، بەزۆری ئامانج لێی کاریگەری لەسەر بۆچوون و رەفتاری خەڵکە، لەهەموو وڵاتاندا بەپشتبەستن بە چوارچێوەی کولتوری و ئایینی و کۆمەڵایەتی زۆر جیاوازە

هەموویان ئامانج لێی کاریگەری لەسەر بیروڕای گشتی یان رەفتاری گشتییە، وە بەندە بە توانای وتاردەرەکەوە".

"هەرچەندە ئەو کورسیانەی ئێستا لە ئاستی شەونخونی و ماندوبوونی سەرۆک و سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی نیە، بەڵام دۆخێکی خولقاند کە باشوری کوردستانی هەژاندو راچڵەکین سەرەڕای هەموو ئەو گلەیی و گازاندەی مووچە و خزمەتگوزاری توانی جۆش و خرۆش بداتەوە بەخەڵک لانی کەم بەشداری هەڵبژاردن بکەن". دونیا غەفار وای نوسیوە
 
2024-10-26
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.