نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە رایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بێت و گەرەنتیی پاراستنی دەنگی دەنگدەران بکرێت.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ شەممە، 12-10-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە عومەر ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەندامی ئەنجوومەنەکە کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئامادەیی کۆمیسیۆن، ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و تەواوکردنی سەرجەم رێکارە پێویستەکان بۆ بەڕێوەچوونی ئەو کارە دیموکراسییە کرا.
بەپێی راگەیەندراوەکە، محەممەد شیاع سوودانی جەختی لەوەکردەوە "حکومەت پشتیوانی هەوڵەکانی کۆمیسیۆن دەکات و سەرجەم پێویستییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن دابین دەکات".
هەروەها دووپاتیکردەوە "پێویستە کۆمیسیۆن و کارمەندەکانی، هەوڵی تەواو بدەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و پشتبەستن بە بێلایەنی، پاک و بێگەردی و بەدیهێنانی دادپەروەریی هەڵبژاردن، کە گەرەنتی پاراستنی دەنگی دەنگدەران بکات لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەرد، کە خواستی خەڵکی هەرێم بەدیبهێنێت".
ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە 20ی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەمەش دوای چەند جارێک لە دواخستنی.