زەنگی مەترسی لێدراو سوپای عێراق خرایە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
بەهۆی بۆردومانە یەک لەدوای یەکەکانی ئیسرائیل بۆسەر پێگە چەکدارەکانی لوبنان و سوریا، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای عێراق جەختیشی لە ئامادەباشی سوپا بۆ هەر ئەگەرێک و وڵاتپارێزی بەرامبەر هەر حاڵەتێکی لەناکاو کردەوە.
بەهۆی بەردەوامی ئەو بۆردومانانەوە، مەترسیش هەیە بەهۆی هێرشەکانی بەرەی مقاوەمەی عێراق، ئیسرائیل بارەگای ئەو گرووپانەش بکاتە ئامانج ئەوەش گرفت بۆ دۆخی ئەمنی ئەو وڵاتە دروستدەکات.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای عێراق راگەیاندراوێکی بڵاویکردەوە و تیایدا هاتووە "بەسەرۆکایەتی عەبدولئەمیر یاڕەڵڵا، سوپاسالاری عێراق کۆبوونەوەیەکی ئەمنی بەبەشداری فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی، وشکانی و پلاندانان و چەند بەرپرسێکی تر ئەنجامدراوە".
ئەوەش هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ئەمنی و ئەو ئاستەنگییانەی رووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە تاوتوێکران، هاوکات فەرماندەکان باسیان لە ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان بۆ دابینکردنی ئاسایشی وڵات بە باشترین شێوە، ئاگاداربوون و ئامادەکاریی بۆ هەر ئەگەرێکی لەناکاو کرد".
|