سودانی سەردانی ئەمەریکا دەکات
نها نیوز – هەواڵەکان
ئەمڕۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق دەچێتە نیویۆرک و سەردانەکەشی بەمەبەستی بەشداریکردن دەبێت لە 79یەمین خولی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی فەرمی عێراق جێدەهێڵێت و دەچێتە نیویۆرک بۆ بەشداریکردن لە 79یەمین خولی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لە راگەیەنراوەکەی نووسینگەی سودانیدا ئەوەش هاتووە، بڕیارە سەرۆک وەزیران لە پێشکەشکردنی وتاری عێراقدا لەبەردەم سەرکردە و نوێنەرانی وڵاتە جیاوازەکان، باس لە زیادکردنی هاوکارییەکان و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم وڵاتەکە، هەروەها جەخت لە پابەندییەکانی وڵاتەکە بە چەند پرسێکی جیهانییەوە بکات.
دوابەدوای کۆبوونەوەکەش، بڕیارە سودانی لەگەڵ چەندین سەرکردە و سەرۆک وەزیرانی وڵاتاندا کۆببێتەوە و گفتوگۆ بکەن، لەناویشیاندا ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی چەندین رێکخراوی جیهانی و دەزگای نێودەوڵەتی و نەتەوەیی.
لەدوای سەردانەکەی 14ی نیسانی ئەمساڵ کە لەسەر بانگهێشتی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بوو، ئەمە دەبێتە دووەم سەردانی سودانی بۆ ئەمریکا.
|