ئابوری

بەپەلە.. چەندین کێشە لە لیستی مووچەی مانگی حەوت ئاشکراکران

نها نیوز – هەواڵەکان

پەرلەمانتارێكی عێراق چەندین كێشە لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی، ئەمنی و سەربازی ئاشكرادەكات و دەڵێت "یەک جار لە بەرژەوەندی مووچەخۆران کاربکەن با لەم گرفتە 10 ساڵییەی هاتن و نەهاتن و پێدان و لێبڕین و پێنەدانی مووچە ڕزگارمان بێت.

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەژماری فەیسبوکی خۆی ئاماژەی بەوەكردووە "تکایە تێ بگەن ئەم جۆرە لە وەڵام نەدانەوەی داواکاریەکانی بەغدا تایبەت بەلیستی مووچەی فەرمانبەرانی شارستانی و هێزە ئەمنیەکان و خانەنشینانی سەربازی زەرەرمەندی سەرەکی خەڵکە، لەوە زیاتر کات بەفیڕۆ مەدەن کەموکوڕیەکان چاک بکەن کە بۆتان دیاریکراوە، یەک جار لەبەرژەوەندی موچەخۆران کاربکەن با لەم گرفتە 10 ساڵیەی هاتن و نەهاتن و پێدان و لێبڕین و پێنەدانی مووچە ڕزگارمان بێت.

دەشڵێت "جارێکی دی بەکوردی کەموکوڕیەکانتان بۆ دەخەینەڕوو تاکو لەمە زیاتر خەڵک سزا نەدەن.

ڕوونیشی کردووەتەوە "چاودێری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، میلاکاتی فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی نەبونی یاسای بودجەوە ماوەی 11 ساڵە پەسەند نەکراوە ئەمەش پێچەوانەی مادەی (8)ی یاسای میلاکاتی ژمارە (25) هەموارکراوە، کەدەڵێ بۆ هەموو ساڵێکی دارایی پێویستە وەزیری دارایی میلاکاتی فەرمانبەران پەسەند بکات.

سۆران عومەر ئاشكراشی كردووە "بەڕێوەبەرایەتی بودجەی سەربە وەزارەتی دارایی لیستی تەواوەتی و زانیاری فەرمانبەرانی لا نیە لە پلە و مووچە و دەرماڵە، لە 26/2/2023ـوە چاودێری دارایی داوای دۆسێی فەرمانبەرانی بەهەموو ئەوەلیاتەکانەوە کردووە. ناونیشانی وەزیفی فەرمانبەران کێشەی تێدایە و جیاوازی زۆرە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ داوا لەوەزارەتی دارایی کراوە پێداچونەوەی پێدا بکرێت لەگەڵ دائیرەی موازەنەی ئیتحادی.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراقجەختیشی کردووەتەوە، لیستەکانی مووچە لەمانگی 4ی ئەمساڵ، کە وردبینی کراوە کێشەکانی دیاری کراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی چارەسەری نەکردووە.

سۆران عومەر دەڵێت "کێشەی وەزارەتی کارەبا لە ساڵی ڕابردوو ئاگادارکراون چارەسەری بکەن، وەزارەتی کارەبا بەنوسراوی ژمارە (8189 لە 17/10/2023) دەڵێ کێشەکەمان چارەسەر کردووە، بەڵام لەلیستی مووچەی مانگی (6)ی 2024 دەرکەوت کێشەکەتان چارەسەر نەکردووە و پینەکراوە! بۆیە مووچەی وەزارەتی کارەبا بۆ مانگی حوزەیران ڕاگیرا.

باس لەوەش دەکات "کێشەکانی لیستی موچە ئەمە چەند نمونەیەکە:
– وەزارەتی پێشمەرگە 23 هەزارو 790 کەس زیادی کردووە.
– وەزارەتی دارایی 100 ناو زیادی کردوە!
– وەزارەتی کارەبا 2460 کەس زیادە.
– وەزارەتی پەروەردە 4316 کەس.
– وەزارەتی ناوخۆ 1882 کەس.
– وەزارەتی شارەوانی 1135 کەس.
– ئەنجومەنی ئاسایش 474 کەس.
– گرێبەستەکان 1241 کەس زیادە هەیە .
– دەزگای ئاسایش 1409 کەس زیادی کردووە.
– زیادەی ژمارەی خانەنشینان لە بەڕێوەبەرێتی گشتی خانەنشینی و وەزارەتی دارایی 12 هەزار خانەنشینە!
– وەزارەتی کارەبا 2 ملیار و 866 ملیۆن دینار زیادەی هەیە.
– دۆسێی کەم ئەندامان تەواو نیە و لیستەکانیان 35 ملیۆن دینار زیادی هەیە .
– وەزارەتی ئەوقاف 34 ملیۆن دینار زیادەی هەیە.
– خانەنشینان لە 14 بەڕێوەبەرایەتین، تەنها خانەشینی پێشمەرگەی سلێمانی و هەلێر مووچەکەیان مانگانە 55 ملیارو 352 ملیۆنە بەم جۆرە:
بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگەی سلێمانی مووچەیان 20 ملیار و 799 ملیۆنە و بەڕێوەبەرێتی خانەنشینی پێشمەرگەی هەولێر 34 ملیار و 552 ملیۆنە.

سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشكردووە، لە 11/10/2023ـوە چاودێری دارایی عێراق داوای دۆسێی خانەنشینانی سەربازی کردوە بۆ پێداچونەوە، بەڵام هەرێم پێی نەداون، ئەمەش یەکێک لەو دۆسێیانەیە، کە ناموستەحەقی زۆر تێدایە. تەنانەت دۆسێی کەم ئەندامان تەواو نیە و لیستەکانیان 35 ملیۆن دینار جیاوازی هەیە.
 
2024-07-26
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.