ئابوری

بەڵێنێک لە سودانییەوە لەبارەی مووچە

نها نیوز – هەواڵەکان

سەرۆک وەزیرانی عێراق و جێگری سەرۆکی پەرلەمان دواکەوتنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانیان تاوتوێ کرد و سودانی بەڵێنی دا کێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان چارەسەر بکات.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە میدیای پارتیی راگەیاند، ئەمرۆ چوارشەممە، 10ـی تەمموزی 2024،  لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک پرس کۆبوونەتەوە، لەناویاندا چارەسەرکردنی کێشەی نەناردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەئەمنییەکان.

شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، داوایان لە سەرۆک وەزیران کردووە، ئەو ناوانەی لە لیستی هێزەئەمنییەکان کێشەی تێدایە، جێبهێڵدرێت بۆ دیوانی چاودێریی دارایی، تاوەکو وردبینیی تێدابکات و ئەو ناوانەشی کە وردبینیی تێیدا کۆتایی هاتووە و کێشەی نییە، مووچەکانیان خەرج بکرێت.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باس لەوەش دەکات، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چارەسەربکرێت و مووچەکانیان رەوانەدەکرێت.
 
2024-07-10
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.