راپۆرت

مەترسی لەسەر پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵات دروست دەبێت

نها نیوز - راپۆرت

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەیەکی بەریتانی، پاش هەڕەشەکانی ئێران و ئاگادارکردنەوەکانی حکومەتی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگاکانیان، پارتە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم تۆمەتبار دەکەن بەوەی، کۆتا وادەی چۆڵکردنی بنکەکانیانی پێ نەوتوون.

رۆژنامەی (The New Arab)ـی بەریتانی، راپۆرتێکی لەبارەی نوێترین پێشهات و ناکۆکییەکانی نێوان پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردووەتەوە و تێیدا لە زاری چەند چالاکوانێکی سیاسی و ئەندامێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵە، زانیاریی مەترسیدار دەخاتە روو.

رۆژنامەکە ئاماژە بەوەش دەکات "دوابەدوای سەردانێکی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەکالەت بۆ عێراق و ناوچەی کوردستان، دەسەڵاتدارانی کورد فشارەکانیان بۆسەر سێ پارتی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران زیادکردووە بۆ داماڵینی چەک و گواستنەوە لە بارەگاکانیانەوە بۆ کەمپی ناو شارەکان.

بەپێی راپۆرتەکە، هەرسێ پارتە کوردییەکە چۆڵکردنی بارەگاکانیان بەتەواوەتی ڕەتکردووەتەوە.

هاوکات چەند چالاکوانێکی سیاسی؛ کە لە راپۆرتەکەدا ناویان نەهێندراوە، بۆ رۆژنامەکە قسەیانکردووە و دەڵێن "دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵە (لقی کوردی حزبی شیوعیی ئێران)، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیان ئاگادار کردووەتەوە کە بنکەکانیان لە گوندەکانی زڕگوێز، زڕگوێزەڵە و بانە گەورە تا کەمپەکانی پەنابەرانی عەربەت و کەمپێکی تازە دامەزراو لە سورداش چۆڵبکەن.

کۆمەڵە: نزیکەی 40 ساڵە لەو کەمپانەدا دەژین و بووینەتە بەشێک لە خەڵکی هەرێم

حەسەن رەحمان پەنا، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵە بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ئەو سێ لایەنەی ئاگادار کردووەتەوە کە بنکەکانیان چۆڵبکەن.

بەوتەی ئەو، لەمیانی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی خۆیان بە ڕوونی ڕاگەیاند کە بنکەکانیان چۆڵناکەن. دەشڵێت "نزیکەی 40 ساڵە لەو کەمپانەدا دەژیین و بووینەتە بەشێک لە خەڵکی هەرێمی کوردستان.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی کۆمەڵە ئەوەش ئاشکرا دەکات "ئێمە دەزانیین حکومەتی هەرێم لەژێر فشاری عێراق و ئێراندایە، بۆیە ئامادەیی سەربازیمان لە بارەگاکانمان کەمکردووەتەوە، تەنیا ژن، منداڵ و پیرەکان لە کەمپەکانمان لە گوندەکانی زڕگوێز و زڕگوێزەڵە و بانە گەورە ماونەتەوە.

"حکومەتی هەرێم وادەی دیاریکراوی بۆ چۆڵکردنی بارەگاکانمان پێنەوتووین"

حەسەن رەحمان پەنا جەخت لەوەش دەکاتەوە، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم وادەی دیاریکراوی بۆ گواستنەوەی بنکە و بارەگاکانی ئەو حزبانە دیاری نەکردووە.

ئەو دەڵێت، حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی گواستنەوە بۆ کەمپە نوێیەکان ڕەتدەکەنەوە و بە "پلانێکی هاوبەشی ئێران و عێراق بۆ تێکدانی ئۆتۆنۆمیی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هاوبەشی ئەمنیی خۆیان لەڕێگەی حکومەتی هەرێمەوە"، لە قەڵەمدەدەن.

ساڵی 2022، سوپای پاسدارانی ئێران چەندجارێک بارەگاکانی حزبە کوردییەکانی ئێرانی لە سنووری هەرێمی کوردستان کردە ئامانج و کوژراو و بریندارێکی بەرچاوی لێکەوتەوە، ئەمەش بەتۆمەتی ئەوەی پارتە کوردییەکان پاڵپشتیی خۆپیشاندانەکانی ئەوکاتەی ئێرانیان کردووە؛ کە لە مانگی نۆی ساڵی 2022ـەوە پاش گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ناوخۆی وڵاتەکە سەریهەڵدا.

ئامادەکردنی: نها نیوز
2024-06-29
زیاتر...
123
Copyright © All rights reserved.