ئابوری

هەواڵی دڵخۆشکەر لەبارەی مووچەی مانگی شەش و مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکان گەیشت

نها نیوز - هەواڵەکان

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرایکرد، وردبینی لیستی مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەکانی هەرێم تەواو بووە و بەغدا لەسەر ناردنی رەزامەندی دەربڕیوە، پەیوەست بە مووچەی مانگی حوزەیرانیشەوە دەڵێت "راستەوخۆ 24 کاتژمێر دوای ناردنی لیستەکە پارەی مانگی حوزەیران دەنێردرێت".

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکانەوە دەڵێت "سەرجەم رێکارەکان و وردبینی لیستی مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەکانی هەرێم تەواو بووە و لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە رەزامەندی لەسەر دراوە، بەڵام بەهۆی پشووەکانی جەژنەوە پارەکە رەوانە نەکراوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد ''بڕیار وایە لەدوای رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو دەست بە ناردنی پارەی مووچەی مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەکان بکرێت کە زیاتر لە 350 ملیار دینارە و لەگەڵ هاتنی پارەکە راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

سەبارەت بە مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانیشەوە ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکرد "لەڕێگەی لیژنەیەکی تایبەت و شاندی دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی حوزەیراندا دەکرێت، بۆیە پێویست بە وردبینی ورد ناکات لە بەغدا.

بەوەتەی سەرچاوەکەی وەزارەتی دارای حکومەتی کاربەڕێکەر، لەبەر ئەوەی وردبینی ناوێت مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران، چاوەڕوان دەکرێت راستەوخۆ 24 کاتژمێر دوای ناردنی لیستەکە بۆ بەغدا پارەی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆران رەوانە بکرێت.
 
2024-06-17
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.