کوردستان

حكومه‌تى هه‌رێم دووه‌م لیستى فه‌رمانبه‌ران ئاراسته‌ى بانكى بازرگانى عێراق ده‌كات

نها نیوز ـ هه‌واڵه‌كان

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرایكرد، دووەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێم ئاراستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کراوه‌، ده‌شڵێت:"حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامدەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاریی ئەو مووچەخۆرانەی کە ئەم بانکە هەڵدەبژێرن".

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە ئەمەش دەقەکەیەتی:

دووەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کرا.

ڕۆژی پێنجشەمە ٢٣ ی ئایاری ٢٠٢٤، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من، و بە پشتبەستن بە ڕێکەوتنی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دووەمین هەفتە لەسەریەک، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەڵسا بە ناردنی زانیاریی (453) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاری مووچەخۆران کە ئەم بانکە هەڵدەبژێرن لە نێوان حەوت بانکەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی خشتە و زانیاری پێویستە دەربارەی پرۆسەی کردنەوەی هەژمارەکان و چاپکردنی کارتەکان بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کەوا هەفتەی رابردوو زانیارییەکانیان بۆ بانکی ناوبراو نێردرابوو. هیوادارین بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بە زووترین کات دەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات.

وەزارەتی دارایی و ئابووری
حکومەتی هەرێمی کوردستان

2024-05-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.