مانگی رەمەزان یادكردنەوەی جەژنی نەورۆز دەگۆرێت
نها نیوز- هەواڵەکان
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی هاوڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە، لەدوای بەربانك، چالاكییەكانی تایبەت بە نەورۆز بەرێوەدەچن، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری لە پارێزگای دهۆکیش داوا لە هاوڵاتیان دەکات بەهۆی مانگی رەمەزانەوە بە داگیرساندنی چرایەک لە ماڵەکەیاندا بەشداریی لە نەورۆزی ئەم ساڵدا بکەن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، لەراگەیاندراوێكدا هاوڵاتیانی شارەكە ئاگاداردەكاتەوە، "ئەمساڵ لە شەقامی سالم كردنەوەی ئاگری نەورۆز و ئەنجامدانی چالاكییەکانی تایبەت بە نەورۆز دوای بەربانگ ئەنجامدەدرێت".
هاوكات، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری لە پارێزگای دهۆک یش ئاشكرایكردووە، لە لووتکەکانی (کێلیا شەدا)، (کێلیا فرعینی) و (چیای زاوا) رێوڕەسمی داگیرساندنی ئاگری نەورۆز دەبێت، بەڵام بەھۆی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە، تەنیا ئاگر دادەگیرسێندرێت و داوا لەهاوڵاتیان دەكات، بەهۆی مانگی رەمەزانەوە بە داگیرساندنی چرایەک لە ماڵەکەیاندا یادەكە بكەنەوە.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی و بەهار کە لە 21ـی ئادار دەستپێدەکات، لە ئێوارەی رۆژی 20ـی ئادارەوە لە سەرانسەری کوردستانی گەورە - باکوور، باشوور، رۆژهەڵات، رۆژئاوا و کوردستانی سوور - ئاهەنگی جەژنی نەورۆز سازدەکرێت.
ش.ح
|