لێدوانی بەرپرسانی باڵای تورکیا و لەسەروو هەموویانەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك کۆماری ئەو وڵاتە، ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی تورکیای بۆسەر پارتی کرێکارانی کوردستان لە باشووری کوردستان زیاد کردووە.
میدیای تورکی لەزاری بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەیانەوە ئەوەیان ئاشکراکردووە، بەهاری ئەمساڵ تورکیا کۆتایی بە پرسی پەکەکە لە باشووری کوردستان دەهێنێت، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر ئاشکرابکەن، شارەزایانیش دەڵێن، کۆتاییهێنان بە شەڕی 40 ساڵەی پەکەکە و تورکیا ئاسان نییە.
تورکیا لە هەنگاوە نوێیەکەیدا دەیەوێت بەغداش بەشداریی پێبکات، بەوەی هاوکاریی ئابووریی ئەنقەرە و بەغدای خستووەتە بەردەست عێراق، لەبەرامبەریشدا بەغدا هاوکاربێت بۆ لێدان و کۆتاییهێنان بە پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر خاکی وڵاتەکەی.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەنوێترین لێدوانیدا باسی لەوەکرد، تا هاوینی ئەمساڵ بە تەواوی پەکەکە گەمارۆ دەدەن و وادەکەن لەمساڵدا، کۆتایی بەو هێزە بهێنن، بەڵام تورکیا لەماوەی ڕابردوودا هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە خاکی هەرێم ئەنجامدابێت، نەیتوانیوە ئامانجەکەی بپێکێت، سەرەڕای هاوکارییە بەردەوامەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ تورکیا.
میدیای تورکی دەڵێت هێرشی نوێی وڵاتەکەی بڕیاری لێدراوە و ئەنجامدەدرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی دەست بە جوڵەی سەربازیی و سیاسی کراوە، بۆ نمونە سەردانی وەزیری بەرگریی عێراق بۆ تورکیا و بە پێچەوانەشەوە وەزیری بەرگریی تورکیا سەردانی عێراقی کرد، ئەوە جگە لەوەی فالح فەیاز، سەرۆکی حەشدی شەعبی لە هەفتەکانی ڕابردوو لە ئەنقەرە بوو، ئەوەش دەریدەخات هێرشی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم چاوەڕوانکراوە.
تورکیا دەیەوێت چاوبەستی بەرپرسانی عێراق بکات بە پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان" کە پڕۆژەیەکە بۆ بەستنەوەی تورکیا بە عێراقەوە لە ڕێگەی وشکانیەوە، بەڵام شارەزایان بە دووری دەزانن عێراق لەو شەڕە چاوەڕوانکراوەی پەکەکە و تورکیا تێوەبگلێت و لە باشترین حاڵەتدا عێراق بێدەنگیی هەڵدەبژێرێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەفتەی ڕابردوو لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا بوو، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە و وتی "پرسی کاری هاوبەش و ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر"یان تاوتوێکردووە.
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بە ڕۆژنامەی العرب-ی وتووە، تورکیا دەیەوێت پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە پەکەکە بەکاربهێنێت، ئەوەش بۆ خۆ بەدوورگرتن لە کوژرانی سەربازانی تورکیا لەو شەڕانەدا.
ئەمیندارەکەی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە هۆشداریش دەدات لەوە، بەشداریکردنی پێشمەرگە لەو شەڕەدا دەبێتە دروستبوونی شەڕی براکووژی.
ئەوەی ئێستا بووەتە جێگەی مەترسی لێدوانێکی ئەردۆغانە کە وتی لە پرسە ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، تیشکی خستە سەر پلانی وڵاتەکەی بۆ زۆنی پارێزراو لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی هێرشەکانی گەریلاکانی پەکەکە و وتی: "خەریکە کارەکانی ئەو بازنەیە تەواو دەکەین کە سنوورەکانمان لەگەڵ عێراق پارێزراو دەکات. پەنا بەخوا هاوینی ئەم ساڵ، کێشەکەمان لەگەڵ سنووری عێراق بەشێوەیەکی هەمیشەیی چارەسەر دەکەین."