هەواڵ

بەرپرسێکی گۆڕان: ئێمە لەگەڵ واقیعدا ئیش دەکەین و حوکمڕانی لە ھەرێم بەبێ یەکێتی سەرکەوتوو نابێت

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

بەپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە یەکێتی و پارتی بگەنە ڕێکەوتن و بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی بەھێز پێویستە یەکێتیش بەشداربێت لە پەرلەمان و حوکمڕانیدا، دەشڵێت " ئێمە لەگەڵ واقیعدا ئیش دەکەین و حوکمڕانی لە ھەرێم بەبێ یەکێتی سەرکەوتوو نابێت".

چالاک موھەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بە ئاژانسی نھا-ی ڕاگەیاند "وەک گۆڕان کێشەمان لەگەڵ ھیچ حزبێکی ھەرێمدا نیە و کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتیش پێویستە چارەسەر بکرێن و یەکێتیش بەشداربێت لە حوکمڕانیدا، چونکە بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی بەھێز پێویستە یەکێتیش بەشداربێت تیایدا".

وتیشی "ئێمە ئیش لەگەڵ واقیعدا دەکەین و یەکێتی و پارتی تەنھا کورسی پەرلەمانیان نییە، بەڵکو لە ناو ھێزە چەکدارەکاندا ھێزیان ھەیە و ناتوانین خۆمان لەوە بدزینەوە، بۆیە پێکھێننانی ھەر حکومەتێک لە ھەرێم بەبێ یەکێتی سەرکەوتوو نابێت".

ئەندامەکەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان سەبارەت بە ڕێکەوتنەکەشیان لەگەڵ پارتی ئاماژەی بەوەدا " ڕێکەوتنی گۆڕان لەگەڵ پارتی دژی ھیچ حزبێکی ھەرێم نیە و گۆڕان لایەنێکی سەربەخۆیە و بڕیاری تایبەت بە خۆی ھەیە".

ئەوەشی خستەڕوو " دوای نزیکەی ٤٠ کاتژمێر کۆبوونەوەی شاندەکەمان لەگەڵ شاندی پارتی، دواتر لە جڤاتی نیشتیمانی بڕیارمان دا بەشداریکردنی گۆڕان لەم قۆناغەدا و بەپێی ئەو داواکارییانەمان کە پارتی قبوڵی کرد پێویستە و بۆیە بڕیاری بەشداریکردنماندا لە حکومەت".  

چالاکی موھەندیس جەختیشیکردەوە " ھیواداریشم یەکێتی و پارتیش بگەنە ڕێکەوتنی کۆتایی  و بڕیاری پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت بدرێت".

2019-02-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.